بەرەی مقاوەمەی عێراق: 8 ڕۆژ دەرفەت دەدەینە حکومەت و وەڵامی توندی ئەمریکا و سعودیە دەدەینەوە
گرووپە چەکدارەکانی بەرەی مقاوەمە لە عێراق هۆشداریی توند دەدەنە حکومەتی فیدراڵ و ڕایدەگەیەنن، لە دوای تەواوبوونی ڕێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن وەڵامێکی کوشندەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و سعودیە دەدەنەوە.
دیاریکردنی مۆڵەت بۆ حکومەتی عێراق
بەرەی مقاوەمەی عێراق مۆڵەتی 8 ڕۆژی (تاوەکو 7ـی ئابی 2026) دیاریکرد بۆ حکومەتی عێراق تاوەکو هەڵوێستی ڕاستەقینەی خۆی بەرامبەر بۆردومانکردنی بارەگاکانی حەشدی شەعبی پیشان بدات. مقاوەمە ڕایگەیاند، دەیانەوێت بزانن ئەو حکومەتەی داوای چەککردنی ئەوانی دەکرد، چۆن بەرگری لە سەروەریی خاکەکەی دەکات لە بەرامبەر ئەم "تاوانە گەورەیە"دا کە دەیان کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.
وەڵامدانەوەی سەربازی و ڕێوڕەسمی چلە
گرووپە چەکدارەکان ئاماژەیان بەوە کرد کە وەک ڕێزێک بۆ ئاسایشی زیارەتکاران و تێکنەدانی ڕێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن، لە ئێستادا وەڵامدانەوەی سەربازییان ڕاگرتووە. بەڵام جەختیان کردەوە کە پاش تەواوبوونی ئەو وادەیە، بێگومان وەڵامێکی توندی ئەمریکا و "ئامرازەکانی لە سعودیە" دەدەنەوە و ڕێگە نادەن خوێنی ئەندامەکانیان بەفیڕۆ بچێت و هەر کاتێک پێویست بکات هێرشەکانیان دەستپێدەکەنەوە.
ڕەتکردنەوەی تۆمەتەکان و هێرش بۆ سەر سعودیە
بەرەی مقاوەمە لە ڕاگەیێندراوەکەیدا سعودیەی بە "خەنجەرێکی ستەمکار و داردەستی کۆشکی سپی" وەسف کرد. ئەوان جارێکی دیکە ڕەتیانکردەوە دەستیان لە هێرشەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکانی سعودیەدا هەبێت و ڕایانگەیاند "ئایا ڕێگەپێدراوە لە وەڵامی هێرشێکی شکستخواردووی سەر کێڵگە نەوتییەکان، دەیان کەسی بێتاوان بکوژرێن و بریندار بکرێن؟". ئەوان پێیان وایە ڕیاز بە فەرمانی واشنتن ئیرادەی گەلی عێراقی کردووەتە ئامانج.
تاقیکردنەوەی سەروەریی خاک
مقاوەمەی ئیسلامی ڕایگەیاند، ئەم هێرشانە تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ حکومەتی عێراق. ئەوان دەڵێن ئەگەر پێشتر چەک و مووشەکەکانیان ڕادەستی حکومەت بکردایە بۆ پاراستنی سەروەری، ئێستا حکومەت چ هەڵوێستێکی دەبوو؟ هەربۆیە تاوەکو ڕۆژی 23ـی مانگی سەفەری کۆچی چاوەڕێی هەڵوێستی فەرمیی دەسەڵاتی جێبەجێکردن دەکەن لە بەرامبەر ئەم پێشێلکارییە سەربازییەی کراوەتە سەر ناوخۆی وڵات.
2 کاتژمێر پێش ئێستا