لە بەرامبەر هێرشەکانی ڕووسیا یەکێتیی ئەورووپا پاڵپشتی ئۆکرانیا دەکات

یەسنا ئومێد 2 کاتژمێر پێش ئێستا

یەکێتیی ئەورووپا خەرجکردنی سێ ملیار و 470 ملیۆن یۆرۆی بۆ بەرگریی ئۆکرانیا ڕاگەیاند، پارەکەش لە چوارچێوەی قەرزێکی پاڵپشتییە بۆ وەڵامدانەوەی پێداویستیەکانی کیێڤ لە ڕووبەڕووبونەوەی هێرشەکانی ڕووسیا.

هاوکارى ماددى بە ئامانجى پارستنى سنوورەکانى ئۆکرانیا

ئورسولا ڤۆن دێرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپی ئاشكرایکرد، ئەم بڕە پارەیە هاریکاریی ئۆکرانیا دەکات لە پاراستنی سنوورەکانی و بەرگریکردن لە دانیشتووانەکەی لە هێرشەکانی ڕووسیا، هەروەها بەکاردێت بۆ باشترکردنی هەماهەنگیی بەرگریی نێوان ئەورووپا و ئۆکرانیا لەچوارچێوەی ڕێککەوتنی نوێی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان.

پەیام بۆ ڕووسیا

ڤۆن دێرلاین، باسی لەوەش کرد، ئەم پاڵپشتییەی ئەورووپا پەیامێکی ڕوونە بۆ ڕووسیا کە لەگەڵ هەر هێرشێکی نوێدا، ئۆکرانیا زیاتر پێداگردەبێت لە بەرگریکردن لە ئازادی وڵاتەکەی و، یەکێتیی ئەورووپاش زیاتر ڕژد دەبێت لە پاڵپشتیکردنی ئۆکرانیا.

هاوکارى دیکە لە ڕێگەیە

کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا جەختیش دەکاتەوە، لە چەند هەفتەی داهاتوودا چەند پاکێجێکی دیکەی هاوکاریی دارایی بۆ ئۆکرانیا خەرج دەکرێت.

ئامارى هاوکارییە داراییەکان

لە 25ـی حوزەیرانیش، کۆمسیۆنی یەکێتی ئەورووپا سێ ملیار و 200 ملیۆن یۆری بۆ ئۆکرانیا خەرج کرد، لە 30ـی حوزەیران سێ ملیار و 900 ملیۆن و لە 15ـی تەمموزیش یەک ملیار و 100 ملیۆن یۆرۆ خەرجکراوە.

بڕیارە لە ساڵی 2026ـدا بە گشتیی 28 ملیار و 300 ملیۆن یۆرۆ بۆ پاڵپشتیی توانا و پیشەسازیی بەرگریی ئۆکرانیا خەرج بکرێت.

یەسنا ئومێد

2 کاتژمێر پێش ئێستا