گوندی نەیسانەی شاری پاوەی سەر بە پارێزگای کرماشانە و ژنێکی تەمەن 35 ساڵ بووەتە جێگەی ئومێدی چەندین گەنج و هونەرمەندی ناوچەکەی..
چیرۆکی چنوور جیاوازە لە زۆرێک لە هاوتەمەنەکانی خۆی، ئەو دوای لەدەستدانی خوشکێکی، ماوەیەکە لەگەڵ خەمۆکی و دژوارییە دەروونییەکان دەژی، بەڵام بڕیارێک ژیانی دەگۆڕێت و هونەر دەکاتە دەستپێکی ژیانێکی نوێ
چنوور دەڵێت، خێزانەکەی زۆر هاوکاری بوون و نایشارێتەوە کارەکەیان سەرەتا قورس بووە بەڵام پێشوازی گەرمی خەڵک لە کارەکە ماندبوونی لە بیر بردوونەتەوە و هێزی بەردەوامی پێ بەخشیوە.
نزیکەی دوو ساڵە فێرگەکەی چنوور بووەتە شوێنی گەشەپێدانی بەهرەکان و نزیکەی پەنجا فێرخواز، لە تەمەنی چوار ساڵەوە هەتا چل ساڵ، لە ژێر سەرپەرشتی ئەودا فێری هونەری نیگارکێشی دەبن، بە گەنجانیش دەڵێت، ئەگەر دەیانەوێت فێری شتێک بن هەرگیز درەنگ نییە بۆیان.
جەوهەری سەرەکیی کارەکانی چنوور لە ڕێگەی قەڵەم ڕەساسەوە دەکرێت و هونەرێک کە پێویستی بە ئارامی، وردبینی و هەستی ناسکی هونەرمەندانە هەیە، زۆربەی فێرخوازان ئێستا پۆرترەیتی کەسایەتییە دیارەکانی کورد دەکێشن و باوەڕیان وایە ئەم هونەرە دەتوانێت ببێتە بناغەی داهاتوویەکی باشتر و سەرچاوەی ژیانێکی سەربەخۆ.
خوێندکارەکان هیواخوازن لە داهاتوو ببنە نیگارکێشێک کە بتوانن خزمەت خاک و نیشتمان و خێزانەکانیانی پێ بکەن.
چنوور ئێستا بووەتە سیمبولی ژنێک کە ڕۆژێک خەمی لەدەستدانی ئازیزێکی تووشی بێدەنگی کردبوو، ئەمڕۆ بە نووکە قەڵەمێک هیوا دەبەخشێت و نە تەنها بۆ خۆی، بەڵکو بۆ دەیان هونەرخوازی گەنجی ناوچەکەی کە داهاتووی خۆیان لەناو هێڵ و سێبەری تابلۆکاندا دەبیننەوە.