میزۆپۆتامیا: ئاکپارتی ئەو دەقەی گۆڕیوە لەگەڵ ئۆجەلان باسکراوە

عەدنان ئەحمەد 2 کاتژمێر پێش ئێستا
پەرلەمانى تورکیا
پەرلەمانى تورکیا

میدیای نزیک لە پارتی دەم دەڵێت، ئەو پڕۆژەیاسایەی بڕیارە ئاکپارتی لەبارەی پڕۆسەکەوە ئاڕاستەی پەرلەمانی تورکیای بکات، گۆڕانکاری بەسەردا هێنراوە و جیاوازە لەو دەقەی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان گفتوگۆی لەبارەوە کراوە.

دووایین پێشهاتەکانى پڕۆسەى ئاشتى

ئاژانسی میزۆپۆتامیا ڕاپۆرتێکی لە بارەی دوواین پێشهاتەکانی تایبەت بە پڕۆژەیاسای پڕۆسەی ئاشتی بڵاوکردووەتەوە، کە بە یاسای چوارچێوە ناسراوە و ئۆجەلانیش وەک یاسای بنەڕەتی ناوی دەبات.

سازان لەسەر بەندەکانى پڕۆژەیاساکە

ئاژانسەکە لە چەند سەرچاوەیەکەوە ئاماژەی بەوە کردووە، لە کۆبوونەوەکەی 20ـی تەمووزی نێوان شاندی ئیمراڵی و ئۆجەلان، لایەنی سێیەم کە دەسەڵاتە، بەشداری کردووە و لەبارەی ناونیشانە سەرەکییەکانی پڕۆژەیاساکەوە، سازان کراوە و بڕیار بووە، ئەو بابەتانەی سازانی لەسەر کراوە، بکرێتە پڕۆژەیاسا و ئاڕاستەی پەرلەمان بکرێت، بۆ ئەوەی ببێتە یاسا.

دەوڵەت ماددەکانى گۆڕیوە

میزۆپۆتامیا بە پشت بەستن بە سەرچاوەکانی دەڵێت، ئەو ماددانەی دەسەڵات لەگەڵ پارتەکان باسی کردووە، لەڕووی چەمک و ماناوە، جیاوازە لەو ماددانەی لە ئیمراڵی گفتوگۆی لەسەرکراوە.

گۆڕانکارییەکان زیان لە پڕۆسەکە دەدەن

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، پارتی دەم بۆچوونی وایە، گۆڕینی ماددەکان بە تاکلایەنە و پێشکەشکردنی بە پەرلەمان وەک ئەمری واقیع، زیانی گەورە لە پڕۆسەکە دەدات.

وێنە دەستکاریکراوەکە نەخراوەتە بەردەم ڕاى گشتى

تاوەکو ئێستا ئاکپارتی هیچ دەقێکی بە ناوی پڕۆژەیاساکەوە بە پارتی دەم، پەکەکە و لایەنە سیاسییەکان نەداوە، هەر بۆیە تاوەکو ئێستا نازانرێت، وردەکاری و ناوەڕۆکی پڕۆژەیاساکە چۆنە و لە چەند ماددە پێکهاتووە.

خەمساردیى ئاکپارتى لەبەرامبەر پڕۆژەیاساکە

پێش دیداری 20ـی تەمووز، ماوەی دوو مانگ هیچ دیدارێک لەگەڵ ئۆجەلان نەکرابوو. ڕاپۆرتەکە دواکەوتنی ئەو دیدارە، بۆ دواکەوتنی ئاکپارتی لە ئامادەکردنی پڕۆژەیاساکە دەگەڕێنێتەوە.

هەموو چاوەڕوانى گەیشتنى پڕۆژەیاساکەن بە پەرلەمان

لەگەڵ ئەوەی چاوەڕوان دەکرا، هەفتەی ڕابردوو پڕۆژەیاساکە بگاتە پەرلەمان، بەڵام تاوەکو ئێستا ئاکپارتی ئەو هەنگاوەی نەناوە.

بۆچوونى تەڤگەرى ئازادى

ڕۆژی 30ـی تەمموزیش، تەڤگەری ئازاد کە بە ناوی پەکەکەوە قسە دەکات، دەسەڵاتی ئاکپارتی بە ناجددی لە پڕۆسەکەدا تۆمەتبار کرد و ڕایگەیاند، ئەگەر پێگەی ئۆجەلان نادیدە بگیرێت و ڕاستەوخۆ پڕۆسەکە بەڕێوەنەبات، ئەستەمە ئەو یاسایە جێبەجێ بکرێت، کە چاوەڕوان دەکرێت مانگی ئاب پەسەند بکرێت.

عەدنان ئەحمەد

2 کاتژمێر پێش ئێستا