سەندیکاکانی کرێکاران بەهۆی شەپۆلى گەرماوە چەند ڕێنماییەکی بۆ سەلامەتیی کرێکاران بڵاوکردەوە
بەهۆی ئەو شەپۆلى گەرمایەی ناوچەکەى گرتووەتەوە، یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکارانی کوردستان چەند ڕێنماییەکى بۆ ڕەچاوکردنی سەلامەتی و تەندروستیی کرێکاران بڵاوکردەوە و داواشدەکات، مافی سەلامەتی و ماندووبوونی کرێکاران لەبەرچاو بگیرێت.
داواکاریی سەندیکا لە خاوەنکاران
لقی هەولێری یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکاران لەبارەی پاراستنی تەندروستیی کرێکارانەوە ڕایگەیاند، بەهۆی ئەو شەپۆلە گەرما بەرزەی ڕووی لە ناوچەکەیان کردووە، داوا دەکەن بە تەواوی مافی سەلامەتی و ماندووبوونی کرێکاران لەبەرچاو بگرن و ڕێکاری پێویست بگرنە بەر بۆ پاراستنی تەندروستییان.
گۆڕینی کاتەکانی کارکردن لە گەرمادا
لقی هەولێری سەندیکاکانی کرێکاران لەبارەی جێبەجێکردنی جێگۆڕکێ لە کاتەکانی کاردا ڕایگەیاند، بە پێویستی دەزانێت جێگۆڕکێ بە کاتەکانی کارکردنی کرێکاران بکرێت و لە کاتەکانی بەیانیی زوو یان درەنگانی ئێوارە، کار بە کرێکاران بکرێت و کارکردن لە کاتژمێرە هەرە گەرمەکانی ناوەڕاستی ڕۆژدا ڕابگرن.
دابینکردنی پێداویستیی فێنککەرەوە
لقی هەولێری سەندیکاکانی کرێکاران بۆ دابینکردنی فێنککەرەوە و ئاوی سارد بۆ کرێکاران، داوا دەکات هۆکاری فێنککەرەوە، دابینکردنی شوێنی سێبەر، ئاوی ساردی خواردنەوە، ئامێری فێنککەرەوە لە شوێنەکانی کاردا بۆ کرێکاران دابینبکرێت.
ڕەچاوکردنی توانای جەستەیی و پێدانی پشوو
هەروەها ڕەچاوی توانای جەستەیی، پێدانی پشووی پێویست بە کرێکاران لە کاتی کارکردندا بکرێت بۆ ڕێگری لە تێکچوونی تەندروستییان.
1 کاتژمێر پێش ئێستا