
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی بەئامانجگرتنی ئێرانەوە لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی فۆکس نیوز ڕایگەیاند، لە هێرشەکانیان بە توندی بەردەوام دەبن؛ هەروەها گوتی، ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە ئێران زۆر باش بەڕێوە دەچن و تەنیا ئەوەی ماوە بەدەستهێنانی سەرکەوتنە.
دۆناڵد ترەمپ لە قسەکانی سەبارەت بە ئێران ئاماژە بەوە دەکات، ئەو وڵاتە هیچ بژاردەیەکی دیکەی نابێت جگە لە پاشەکشەکردن و لە کۆتاییدا شتێک سەبارەت بە ئێران ڕوو دەدات، بەبێ ئەوەی ڕوونی بکاتەوە ئەو شتە چییە؟
لە هەمان چاوپێکەوتندا سەرۆکی ئەمریکا باسی لە قەیرانی کۆچبەران کرد لە ئیسپانیا و گوتی، ئەگەر دیموکراتەکان دەسەڵات بگرنە دەست، ئەوەی لە شاری سیوتای ئیسپانیا ڕوویدا لە ئەمریکاش دووبارە دەبێتەوە.
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکاش، دیمەنی ڕۆشتنی کۆچبەرانی بەرەو ئیسپانیا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کردەوە و لەسەری نووسیوە: "سیاسەتی جیهانگەرایی چەپە توندڕەوەکان بووەتە هۆی لەشکرکێشی بۆ سەر ڕۆژئاوا".
ترەمپ لێشاوی کۆچبەرانی لە مەغریبەوە بۆ ئیسپانیا بە "ترسناک" ناو برد و ئەم دەرفەتەی قۆستەوە بۆ هێرشکردنە سەر نەیارەکانی.
ئەمەش لە کاتێکدایە ڕاپرسییە ناوخۆییەکانی ئەمریکا باس لە دابەزینی پاڵپشتی لە ترەمپ دەکەن بە ڕێژەی 30%، بەهۆی جەنگی ئێرانەوە و ئەمەش وای کردووە دیموکراتەکان هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی زۆرینەی دەنگەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران بدەن لە هەڵبژاردنەکانی ناوەڕاستی تشرینی دووەمدا.