پارتی دەم: دەبێت ناڕوونییەکان لەبارەی یاسای چوارچێوەوە بڕەوێندرێنەوە

محەمەد عەلی 1 کاتژمێر پێش ئێستا
ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی پارتی دیموکراسی و یەکسانیی گەلان (پارتی دەم)،
ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی پارتی دیموکراسی و یەکسانیی گەلان (پارتی دەم)،

ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی پارتی دیموکراسی و یەکسانیی گەلان (پارتی دەم) لەبارەی ناکۆکییە میدیاییەکان لەسەر ڕەشنووسی یاسای چوارچێوە ڕایگەیاند، پێویستە بەزووترین کات ئەو ناڕوونییانەی لە میدیای تورکیادا لە ئارادان بڕەوێندرێنەوە.

گرنگیی سازانی سیاسی بۆ پێشکەشکردنی یاساکە

دۆغان جەختی لە گرنگیی هاتنی یاساکە بۆ پەرلەمان لە ڕێگەی ڕێککەوتن و سازانی پارتە سیاسییەکان کردەوە و داوای کرد سەرۆکایەتیی پەرلەمان لەبارەی هاتنی ڕەشنووسی یاساکە بۆ پەرلەمان ڕوونکردنەوە بدات.

هەوڵدان بۆ گەیشتن بە تێڕوانینێکی هاوبەش

ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی پارتی دەم گوتی، "بە دڵنیاییەوە تێڕوانینی جیاواز لەبارەی یاساکەوە لە ئارادایە. بۆ ڕەواندنەوەی ئەم جیاوازییانە و لەپێناو بەدیهێنانی تێڕوانینێکی هاوبەش و گەیشتن بە کۆدەنگی، هەوڵەکان بەردەوامن. بەڵام لەو قۆناغەی پێی گەیشتووین، پێویستە لەمەودوا ناڕوونییەکانی ئەم بوارە بڕەوێندرێنەوە. تا ئەمڕۆ زۆر باسمان لەو بێمتمانەییە کردووە کە ناڕوونییە یاساییەکان دروستیان کردووە. دەمەوێت پێتان بڵێم گرنگییەکی زۆر بە ڕەواندنەوەی سەرجەم ناڕوونییەکان لەوبارەیەوە بەشێوەیەکی خێرا دەدەین".

بونیادنانی زەمینەیەکی یاسایی بەهێز

ئایشەگوڵ دۆغان ئاماژەی بەوەش کرد، "لەبەر ئەوەی باسی ڕێکارێکی یاسایی ئێجگار گرنگ دەکات، ڕێککەوتن لەسەر زمانی یاساکە، مەوداکەی، سروشتی یاساکە و شێوازی داڕشتنی لە ڕوانگەی ئێمەوە بایەخێکی زۆر یەکلاکەرەوەی هەیە. هەروا وەک پارتی دەم پێمان وایە پێویستە ئەم یاسایەی کە یەکەم دەروازە دەکاتەوە بۆ سەرلەنوێ دامەزراندنەوەی پەیوەندییەکی مێژوویی بەهێز، لەسەر بناغەی زەمینەیەکی یاسایی بەهێز دابمەزرێت. هەروەها گرنگە ڕەشنووسی یاساکە لە ڕێگەی سازانی سیاسییەوە پێشکەشی پەرلەمان بکرێت".

کاتژمێرە یەکلاکەرەوەکانی بەردەم تورکیا

ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی پارتی دەم ئەوەشی ڕوونکردەوە، "سەبارەت بە خشتەی کاتیی پێشکەشکردنی ڕەشنووسەکە، چاوەڕوانین سەرۆکایەتیی پەرلەمان لە خێراترین کاتدا ڕوونکردنەوەی پێویست بدات. کارەکانی پەرلەمان تا 6ی ئاب درێژ کرانەوە. لەبەر ئەوە، ڕۆژ و کاتژمێرەکانی داهاتوو، ڕۆژ و کاتژمێری یەکلاکەرەوەن؛ تورکیا بە قۆناغێکی مێژووییدا تێپەڕ دەبێت".

محەمەد عەلی

1 کاتژمێر پێش ئێستا