
فراکسیۆنی ئاکپارتی لەبارەی یاسای پڕۆسەکە کۆدەبێتەوە و چاوەڕوانیش دەکرێت پاش کۆبوونەوەکە، دەقی پڕۆژەیاساکە، پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا بکرێت.
بڕیارە سبەی چوارشەممە، فراکسیۆنی ئاکپارتی، کە گەورەترین فراکسیۆنی ناو پەرلەمانی تورکیایە، کۆببێتەوە و تێیدا زانیاری تەواو لەبارەی وردەکاری و ناوەڕۆکی یاساکە بە پەرلەمانتارانی پارتەکە بدرێت و نەخشەڕێگەی داهاتووی پڕۆسەکەش بخرێتەڕوو.
ئەو کۆبوونەوەیە پاش ئەوە هات، لە دوێنێوە سەرجەم ئەندامانی فراکسیۆنی ئاکپارتی، واژۆیان لەسەر پڕۆژەیاساکە کرد، کە ناوی لێنراوە یاسای هاودەنگیی نیشتمانی و بەهێزکردنی یەکبوونی کۆمەڵایەتی.
بڕیارە سبەی لە کۆبوونەوەکەی فراکسیۆنی ئاکپارتی، دوا شێوە بە دەقی پڕۆژەیاساکە بدرێت و پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکرێت.
پڕۆژەیاساکە سەرەتا دەچێتە لیژنەی داد و لە کۆتایشدا دەگاتە ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمان و دەنگی لەسەر دەدرێت.





