
لە پەراوێزى کۆبوونەوەى وزاریى وەزیرانى دەرەوەى وڵاتانى عەرەبی تایبەت بە دۆخى ئۆرشەلیم - قودس لە ئوردن، هەردوو وەزیرى دەرەوەى عێراق و ئوردن کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەبارەى ڕاکێشانى هێڵێکى گواستنەوەى نەوت لە عێراقەوە بۆ بەندەرى عەقەبە کرد.
بەگوێرەى ڕاگەیێنراوێکى وەزارەتى دەرەوەى عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر چەند بابەتێک کراوە، لەوانە؛ سەردانى وەزیرى وزە و سامانە کانزاییەکانى ئۆردن بۆ بەغداد و تاوتوێکردنى ڕاکێشانى پرۆژەى هێڵى گواستنەوەى نەوت لە عێراقەوە بۆ بەندەرى عەقەبە و ڕێکارەکانى زیادکردنى کارەباى عێراق لە ڕێگەى ئوردنەوە.
ئەوەشخراوەتەڕوو، هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ کردنەوەى گەرووى هوورمز بەڕووى هاتوچۆى دەریاوانى کراوە، کە هۆکارێک دەبێت بۆ گەڕانەوەى سەقامگیری بۆ ناوچەکە.
داخستنى گەرووى هوورمز، گەورەترین زیانى ئابوورى بە عێراق گەیاندووە، ئەویش بەهۆى ئەوەى گەرووەکە شاڕێگەى هەناردەى نەوتى عێراق بوو، بۆیە ئێستا وڵاتەکە لەگەڵ ئوردن، تورکیا و سووریا لە گفتوگۆدایە بۆ ڕاکێشانى بۆریى نەوت، بەو ئامانجەى لەداهاتوودا بتوانێت ڕێگاکانى هەناردە زیادبکات.
