
بە گوێرەی ئاماری دەزگای چاودێری مرۆیی نەتەوەيەکگرتووەکان، ئاماژە بەوە دەکەن، شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا گەیشتووەتە قۆناغێکی خوێناوی و تەنها لە مانگی تەممووزدا ژمارەی کوژراوانی سڤیل لە ئۆکرانیا بەرزترین ئاستی لە دوای دەستپێکی شەڕەکەوە تۆمارکردووە. ئەم هەڵکشانە لە کاتێکدایە کە ڕووسیا هێرشە مووشەکییەکانی بۆ سەر کیێڤ چڕکردووەتەوە و ئۆکرانیاش هێرشەکانی بۆ ناو خاکی ڕووسیا زیاد کردووە.
لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسانی مۆسکۆ ڕایانگەیاندووە، لە مانگی تەممووزدا هێرشەکانی ئۆکرانیا بۆ سەر خاکی وڵاتەکەیان زیادی کردووە و بەو هۆیەوە 79 هاووڵاتی مەدەنی ڕووسیا کوژراون. نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی نەبوونی دەستیان بە زانیارییەکان لە ناو خاکی ڕووسیا، ناتوانن ئەو ئامارانەی مۆسکۆ پشتڕاست بکەنەوە. تاوەکو ئێستا هیچ کام لەو دوو وڵاتە بە فەرمی ئاماری وردی کوژراوە سەربازییەکانیان بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام پێشبینییە نافەرمییەکان باس لە زیانی گیانیی زۆر گەورە دەکەن.
.jpg)


