
پووختەی هەواڵەکە:
زانیارییەک گەیشتووە بە کەناڵ8 ئاشکرای دەکات محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بەیانی ئەمڕۆ گەیشتووەتە بەغداد و یەکەم وێستگەی کۆبوونەوەکانی لە پەرلەمانی عێراق دەستپێکردووە بۆ تاوتوێکردنی دۆسیە سیاسی و پەرلەمانییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
پێش بە ڕێکەوتنی بۆ بەغداد قالیباف، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیوی،"پەیوەندیی نێوان دوو نەتەوەی ئێران و عێراق پەیوەندییەکی مێژوویی و بەردەوامە".
قالیباف دەشڵێت، دراوسێیەتیی ئێران لەگەڵ عێراق لەسەر بنەمای برایەتی لە سەختترین ڕۆژەکان و بەرەنگاربوونەوەی دەستوەردانی دەرەکی و باوەڕبوون بە چارەنووسی هاوبەشی دوو وڵات دامەزراوە.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران نووسیشیەتی، لەم سەفەرەدا هەنگاوی کردەیی و درێژخایەن دەنێنن، بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی ناوخۆیی و ئاسایشی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات و خۆشگوزەرانی هەردوو نەتەوەی ئێران و عێراق.
هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە یاوەریی سەرۆک فراکسیۆنەکان لە هۆڵی دەستووری پێشوازییان لە قالیباف دەکات. دوای کۆبوونەوەی پەرلەمان، بڕیارە شاندە ئێرانییەکە لەگەڵ سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرکردە سیاسییەکانی دیکەی وڵات کۆببێتەوە بۆ یەکلاکردنەوەی چەند دۆسیەیەکی هاوبەش.
قالیباف: جەنگی ئێستا جەنگی ئیرادەیە و دەبێت ڕێگری لە جەنگی درێژخایەن بکەین
