لە شاری جوانڕۆ لە ڕێگەی کەمپینەوە هاوکاری خوێندکارانی کەمدەرامەت دەکرێت

سامیا حەسەن 32 خولەک پێش ئێستا

پووختەى ڕاپۆرتەکە

  • لە شاری جوانڕۆ لە ڕێگای کەمپینەوە هاوکاری خوێندکارانی کەمدەرامەت دەکرێت.
  • لە کەمپینەکە کتێب و پارە بۆ خوێندکارانی کەم دەرامەت کۆدەکرێتەوە.
  • ئەندامێکى کەمپینەکە: ساڵی پار پێنج تۆن کتێب کۆکرایەوە و 170 خوێندکار هاوکاری کران.
  • کەمپینەکە بۆ ماوەی هەفتەیەک بەردەوام دەبێت.

کچ و کوڕانی شاری جوانڕۆی پارێزگەی کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن، کەمپەینێکیان بۆ هاوکارى خوێندکارانى کەمدەرامەت دەستپێکردووە و زۆرێک لە گەنجانى جوانڕۆ بەشدارن تیایدا.


ئەو گەنجانەى بەشدارن لە کەمپەینەکەدا

  • هەموویان خوێندکاری زانکۆ و پەیمانگەن.
  • کەمپینەکە بەناوی (تیشکی زانست) داناوە.
  • کتێب و کەلوپەلە بەکارهێنراوەکانی خوێندن کۆدەکەنەوە و جارێکی دیکە دەیگەیەننە دەست خوێندکاران.
  • ئەوانەشی بە کەڵکی بەکارهێنانەوە نایەن، کاری ڕیسایکلینی بۆ دەکەن و بە داهاتەکەی پێداویستیی قوتابخانە بۆ خوێندکارانی کەم دەرامەت دابین دەکەن.
  • لە کەمپینەکە، دروشمەکانی بەڵێ بۆ پاراستنی ژینگە بە بەردەوامی بە گوێی خەڵک و هاوپیشە و هاوتەمەنەکانی خۆیاندا دەدەن.
  • هاونیشتمانییان بە گەرم و گوڕییەوە بە دەم کەمپینەکەوە دێن و جگە لە دەستخۆشی هیواخوازیشن هاوکارییەکانیان بە زووی بگاتە دەست خوێندکارانی شایستە.

کەمپینەکە 26 ئەم مانگە دەستیپێکردووە، بۆ ماوەی هەفتەیەک بەردەوام دەبێت، ساڵی پار پێنج تۆن کتێب لە کەمپینەکە کۆکراوەتەوە و نزیکەی 170 خوێندکاریش هاوکاری کراون.

سامیا حەسەن

32 خولەک پێش ئێستا