زانکۆی سلێمانی گرانتی نێودەوڵەتیی ئەرشیفی دەنگی بەدەستهێنا

حەسەن فەلاح 2 کاتژمێر پێش ئێستا
  • گرانتەکە پشتیوانیی داراییە بۆ پاراستنی ئەرشیفە دەنگییەکان
  • دامەزراوەی ئارکادیا پاڵپشتیی دەکات
  • پڕۆژەکە ماوەی 18 مانگ بەردەوام دەبێت

زانکۆی سلێمانی، ئەم پشتیوانییە داراییەی لە چوارچێوەی بەرنامەی ئەرشیفە مەترسیدارەکانی کتێبخانەی بەریتانیا EAP بۆ دیجیتایزکردن و پاراستنی ئەرشیفی دەنگی بەدەستهێناوە.


ئامانجی سەرەکی، دیجیتایزکردن و پاراستنی کۆکراوە دەنگییە مێژووییەکەی شوان ئۆسکارە لە سلێمانی، ئەم کۆکراوەیە بەشێکی گرنگ لە ژیانی ڕۆژانە، موزیک و میراتی کولتووریی کوردستان و عێراق تۆماردەکات و فرەچەشنیی موزیکیی کۆمەڵگە جیاوازەکانی ناوچەکە پیشاندەدات، بەشێکی گرنگی ئەم تۆمارانە لەسەر کەرەستەی هەستیار و کۆن، وەک تەیپی ڕیل (بەکرە) و دیسکی شێلاک (قەوان)، پارێزراون و لەبەر دۆخی هەڵگرتنیان لە مەترسیی خراپبوون و لەناوچووندان.

م. ڕازان عومەر – لێپرسراوی ئۆفیسی گرانت لە زانکۆی سلێمانی

پڕۆژەکە:

  • بە ناونیشانی سازدانی ئەرشیف: تۆمارە دەنگییەکانی کۆکراوەی ئۆسکار، کوردستان و عێراق، 1900 – 1950 ئەنجامدەدرێت
  • د. هەردی کوردە توێژەری سەرەکییە
  • دامەزراوەی ئەرشیفخانە وەکو هاوبەشی ئەرشیفیی ناوخۆیی بەشدارە
  • موزیک و میراتی کولتووریی ناوچەکە دەپارێزێت
  • زەمینەساز دەبێت بۆ دروستکردنی بنکەی سەربەخۆی دیجیتایزکردنی ئەرشیفی دەنگی
  • ڕاهێنان بە گەنجان دەکرێت بۆ پاراستن و بەڕێوەبردنی ئەرشیفی دەنگی
حەسەن فەلاح

2 کاتژمێر پێش ئێستا