هەوڵێک بۆ جێگیرکردنی پیتە تایبەتەکانی زمانی کوردی لە بەڵگەنامە فەرمییەکانی عێراق

حەسەن فەلاح 1 کاتژمێر پێش ئێستا
  • بە فەرمی هەوڵێک لە عێراق دەستیپێکردووە، بۆ جێگیرکردنی پیتە تایبەتەکانی زمانی کوردی لە سنووری سیستمە ئەلیکترۆنی و بەڵگەنامە فەرمییەکاندا
  • پۆڵا شەهید سیروان دەستپێشخەریی کردووە
  • هەوڵەکە لە سنووری ماددەی 140 چڕتر دەکرێتەوە
  • چاودێران بە پێشهاتێکی گرنگی سیاسی و کارگێڕی وەسفی دەکەن

پۆڵا شەهید سیروان پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە فەرمی، نووسراوێکی لەبارەی ئەم پرسە، ئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق کردووە، کە ئامانج لێی:

  • چارەسەرکردنی ڕیشەیی کێشەی تەکنیکیی نەنووسینی پیتە تایبەتەکانی زمانی کوردییە
  • چارەسەرکردنی ئەو کێشە کارگێڕییەیە کە چەندین ساڵە بەرۆکی ناوی هاونیشتمانییانی گرتووە
  • چەسپاندنی پیتە تایبەتەکان لەسەر بەڵگەنامەکانی وەکو کارتی نیشتمانی، پاسپۆرت، کارتی زانیاری و فۆڕمی خۆراک جێبەجێ دەکرێت

نووسراوەکە لەلایەن بریکاری وەزیری ناوخۆی عێراقەوە هامشی کارگێڕی پێویستی لەسەر کراوە و ئاڕاستەی بەشی یاسایی کراوە بۆ مەبەستی بەدواداچوون و جێبەجێکردن

پۆڵا شەهید سیروان

لە چوارچێوەی ئەو نووسراوەی ئاڕاستەی وەزارەتی ناوخۆ کراوە، هاتووە:

  • ئاماژە بە ماددەی (4/بەشی یەکەم) لە دەستووری هەمیشەیی عێراق دراوە، کە بە ڕوونی زمانی کوردی وەک زمانێکی فەرمی لە پاڵ زمانی عەرەبی چەسپاندووە
  • نەبوونی پیتەکانی (پ، چ، ژ، گ، ڵ، ۆ، ێ، ڕ، ڤ، وو) لە سیستمە ئەلیکترۆنییەکانی دەوڵەتدا، تەنیا کێشەیەکی تەکنیکی نییە، بەڵکو پێشێلکارییەکی ئاشکرای دەستوورە و نادادپەروەرییە بەرامبەر بە مافی هاوڵاتیبوون

لە بەشی کۆتایی نووسراوەکەدا، چەند ناوێکی کوردی وەکو نموونە هێنراونەتەوە، کە چۆن لە ئاستی کەموکوڕییە تەکنیکییەکاندا، واتای ناوەڕۆکی ناوەکان دەگۆڕێن، بە نموونە:

  • ژیان – زیان
  • پشتیوان – بشتیوان
  • ڕزگار – رزکار
  • گەوهەر - کوهر
حەسەن فەلاح

1 کاتژمێر پێش ئێستا