بەغداد داوای ناردنی شاند دەکات؛ هەرێم هەوڵی زیادکردنی پشکی خۆی لە بودجەی 2027 دەدات
پووختەی هەواڵەکە
- حکومەتى عێراق داواى کردووە شاندى هەرێمى کوردستان سەردانى بەغداد بکات
- ئامانجى حکومەتى عێراق گفتوگۆکردنە لەسەر بەشە بودجەى هەرێمى کوردستان
حکومەتى هەرێمى کوردستان، ئامادەکاریى کردووە بۆ ئەوەی شاندێکی بچێتەوە بۆ بەغداد و لەگەڵ چەندین بەرپرسى کورد لە حکومەتى عێراق، گفتوگۆ کراوە تاوەکو پشتیوانى لە داواکارییە یاساییەکانی هەرێمى کوردستان بکەن لەناو بەشە بودجەى هەرێمى کوردستان لە چوارچێوەى بودجەى گشتیی 2027ـى عێراق، بەڵام کاتی چوونی شاندەکە دیارینەکراوە، ڕۆژى یەکشەممە 4ـى تشرینى یەکەم دەبێت یاخود دەکەوێتە ڕۆژى دواتر.
هەرێمی کوردستان داوای شایستەی دەستووری دەکات
- بەگوێرەى زانیارییەکان، شاندى باڵاى حکومەتى هەرێمى کوردستان هەمان شاندى پێشترى حکومی دەبێت.
- کە لەماوەى ڕابردوو، شاندەکە سەردانى بەغدادیان کرد و لەگەڵ وەزیرى نەوت و دارایی و پلاندانان و بەرپرسانى دیکە کۆبوونەتەوە.
- پشکى هەرێمى کوردستان لە پرۆژە بودجەى عێراق بە 12.70% دانراوە.
- بەگوێرەى دوایین سەرژمێریى گشتیی عێراق، ژمارەى دانیشتووانى هەرێمى کوردستان 14.14% بووە و هەرێمی کوردستان دەیەوێت ئەو ڕێژەیە جێگیر بکرێت.
- هەرێمى کوردستان داوایکردووە لە بودجەى سیادیى عێراق پشکى هەبێت ، بەڵام بەغداد بودجەى سیادى لە بودجەى گشتیی دەردەکات، پاشان پشکى هەرێمى کوردستان دیاریدەکات، ئەوەش کاریگەریى ڕاستەوخۆى لەسەر کەمکردنەوەى بەشە بودجەى هەرێمى کوردستان دەبێت.
نەوت و خەرجی کرداری کێشە گەورەکە
- ئاڵنگارییەکى دیکە کە ڕووبەڕووى بەشەبودجەى هەرێمى کوردستان بووەتەوە، خەرجیی ڕاستەقینە (ئینفاق فعلی)یە کە بووەتە هۆکارێکى دیکە بۆ کەمکردنەوەى بەشە بودجەى هەرێمى کوردستان.
- لە دۆسییەى نەوتى هەرێمى کوردستان ڕێککەوتنى سێ قۆڵیى وەزارەتى نەوتى عێراق و سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان هەیە.
- ئەو ڕێککەوتنە پێویستى بە هەموارکردنەوەیە تاوەکو گلدانەوەى نەوتى خاو بۆ هەرێمى کوردستان لە 50 هەزار بەرمیل ڕۆژانە زیاد بکرێت و شایستەى دارایی کۆمپانیاکانیى نەوتیش جێگیر بکرێت.
بودجەی هەرێمی کوردستان چەندە؟
پڕۆژە بودجەى گشتیی عێراق لە ئێستادا لە ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراقە و بڕیارە تاوەکو ناوەڕاستى ئەم مانگە ڕەوانەى ئەنجوومەنى وەزیران بکرێت.
پڕۆژە بودجەى گشتیی 2027ـى عێراق گوژمەکەى بە 200 تاوەکو 240 تریلیۆن دینار خەمڵێنراوە و هەرێمى کوردستان داواى نزیکەى 29 تریلیۆن دینارى کردووە بۆ مووچە و پلە بەرزکردنەوەى فەرمانبەران و داواى دامەزراندن و بە هەمیشەییکردنى مامۆستایان و فەرمانبەرانى گرێبەستیشی کردووە.
زانیاری زیاتر بۆ تۆ
بەغداد پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژە بودجەی 2027 کەمدەکاتەوە
ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کرا
32 خولەک پێش ئێستا