چارەسەرەکانی قەڵەوی چین؟
قەڵەوی، نەخۆشییەکی درێژخایەنە و بەهۆی بوونی چەوریی زیادە لە لەشدا دروستدەبێت، دەکرێت ببێتەهۆی چەندین نەخۆشیی جۆراوجۆر، بۆنموونە: شەکرە، نەخۆشییەکانی دڵ، جەڵتەی مێشک، بەرزەفشاری خوێن و چەندین نەخۆشیی دیکە. ئەو کەسانەی کێشیان زیادە یان قەڵەون، گرنگە بۆ پاراستنی خۆیان، هەوڵبدەن کێشیان داببەزێنن. کۆمەڵێک رێگەی جیاواز هەن بۆ دابەزاندنی کێش، هەندێکیان زانستین و هەندێکیان رێگەی خراپ و نازانستی.
وەرزشکردن
وەرزشکردن، یەکێکە لە رێگە هەرە سەرکەوتووەکان بۆ دابەزاندنی کێش، چونکە لە کاتی چالاکی و وەرزشدا، جەستە کالۆرییەکی زۆر دەسووتێنێت، بۆ ئەمەش پشتدەبەستێت بە سووتاندنی چەورییە زیادەکانی ناو جەستە.
رێجیم
چەندین جۆری رێجیم هەن، بەشێکیان زانستین و یارمەتیدەرێکی باشن بۆ دابەزاندنی کێش؛ بۆنموونە رێجیمی کیتۆ، کە پشتدەبەستێت بە خواردنی چەوری و کەمکردنەوەی کاربۆهیدرات، یان بەڕۆژووبوونی پچڕپچڕ، لەم جۆرەی رۆژوودا کەسەکە بۆ ماوەیەکی درێژ لە رۆژەکەدا هیچ شتێک ناخوات، جگەلە ئاو، بەڵام ماوەیەکی کورتی رۆژەکە ئازاددەبێت لە خواردن، بۆنموونە دەکرێت 18 کاتژمێر هیچ نەخورێت، شەش کاتژمێر بەئازادی هەر شتێک ویسترا، بخورێت.
دەرمان
دەرمان زۆرن بۆ چارەسەری قەڵەوی، هەندێکیان زانستین و هەندێکیشیان دەرمانی خراپ و نازانستین. بەم دواییانە، دوو دەرمان کە لە بنەڕەتدا بۆ چارەسەری شەکرە پەرەیان پێدرابوو، رێگەیان پێدرا بۆ چارەسەری قەڵەوی بەکاربهێنرێن بەگوێرەی توێژینەوەکان، ئەو دوو دەرمانە نوێیە دەتوانن یارمەتیی کەسەکە بدەن نزیکەی %25 کێشی لەش داببەزێنن.
چارەسەری رەفتاری
هەندێک کەس ناتوانێت جوڵە و خواردنی خۆی کۆنترۆڵ بکات، بۆیە بەبەردەوامی خۆراک دەخوات و کەمیش دەجوڵێت، ئەوەش وادەکات کەسەکە قەڵەو ببێت. دەکرێت لەرێگەی وەرگرتنی چارەسەری رەفتارییەوە لەلای راوێژکاری دەروونی، ئەو خووانە کۆنترۆڵبکرێن.
نەشتەرگەری
ئەوانەی کێشیان لەڕاددەبەدەر زیادە و ئاسان ناتوانن بەهۆی رێگەکانی دیکەوە کێشیان داببەزێنن، پێشنیازی نەشتەرگەرییە جۆراوجۆرەکانی قەڵەوییان بۆ دەکرێت، بۆنموونە نەشتەرگەریی بڕینی گەدە. لەم نەشتەرگەرییەدا گەدەی کەسەکە بچووک دەکرێتەوە، ئەمە وادەکات کە نەتوانێت خۆراکی زۆر بخوات و بەرەبەرە کێشی دادەبەزێت.
ئامێر
بالۆنی ناو گەدە، جۆرێکی ئامێرە دەخرێتە ناو گەدەوە، بەهۆی ئەوەی بەشێکی زۆری ناو گەدە دەگرێت، کەسەکە واهەستدەکات گەدەی پڕە و برسی نابێت. ئەم ئامێرە دەکرێت بۆ ماوەی شەش مانگ بەکاربهێنرێت، لەو ماوەیەدا کەسەکە دەتوانێت لەرێگەی ئامێرەکەوە کێشێکی بەرچاو داببەزێنێت.
18/12/2023