کتێبخانەی ئەوقافی سلێمانی نزیکەی چوار هەزار دەستنووسی دەگمەن و ناوازەی تێدایە.
کتێبخانەی ئەوقافی سلێمانی، دێرینترین کتێبخانەی هەرێمی کوردستانە.
مێژووی هەندێک لە کتێبەکان بۆ حەوت سەدە پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.
پرۆژەیەکى نوێ بۆ پاراستن و ئەرشیفکردنى دەستنووسەکانى جێبەجێ دەکرێت.
گرنگی مێژووی دەستنووسەکانی ئەم کتێبخانەیە سنوورەکانی ناوخۆی تێپەڕاند و لە گۆشەی ڕەفە تۆزلێنیشتووەکانەوە پێ دەنێتە قۆناغی نێودەوڵەتیبوون و ناساندنی جیهانییەوە.
ئەوقافی سلێمانی و زانکۆی ئێگزیتەری بەریتانی، پرۆژەیەکی ستراتیژییان بۆ پاراستن و پۆلێنبەندکردنی ئەم دەستنووسانە کرد.
پرۆژەیەک کە لەلایەن بەرنامەی ئەرشیفە مەترسی لەسەرەکانی کتێبخانەی بەریتانیاوە پاڵپشتی کراوە و کتێبخانەکە دەباتە قۆناخێکی گرنگەوە.
لە قۆناغی یەکەمی ئەم پرۆژەیەدا، دەستنووسە دەگمەنەکان بە شێوازێکی زانستی پۆلێن کراون.
شیکردنەوەی ورد بۆ ناوەرۆکەکانیان کراوە.
زیاتر لە 200 دەستنووسی ناوازە دوای سکانکردن و بەدیجیتاڵکردنیان، ڕادەستی زانکۆی ئێگزیتەری بەریتانی کراون.
دەستنووسەکان لە لەندەن و ناوەندە ئەکادیمییەکانی جیهاندا دەبنە سەرچاوەی توێژینەوەی نوێ.
ناوی سلێمانی لەسەر نەخشەی ئەرشیفە جیهانییەکان جێگیر دەکرێت.
لەگەڵ ئەوەی بەدیجیتاڵکردن تەمەنێکی نوێ بە ناوەرۆکی دەستنووسەکان دەبەخشێت، بەڵام جەستەی ڕەسەنی ئەم پەڕاوانە هێشتا لەبەردەم هەڕەشەی زەمەن و داخوراندان. تێپەڕینی سەدەکان و نەبوونی ژینگەیەکی ستاندارد، کاریگەریی لەسەر پێکهاتەی کاغەز و مەرەکەبی بەشێک لەم گەنجینەیە جێهێشتووە
بڕیارە لە داهاتوودا، لە ڕێگەی بونیادنانی باڵەخانەیەکى نوێ و مۆدێرنی شایستە بۆ کتێبخانەی ئەوقافی سلێمانی دروست بكرێت تاوەکو میراتێکی زێرینی مێژووی کورد بە پارێزراوی بۆ نەوەکانی داهاتوو بمێننەوە.

