
ئیتاڵیا 887 ملیۆن دۆلار سزاى دارایی بەسەر کۆمپانیاى مێتا سەپاند.
سزاکەى ئیتاڵیا نزیکەی 0.47%ـى کۆی داهاتی جیهانیی کۆمپانیای مێتا دەکات.
دەستەی پاراستنی داتاکان لە ئیتاڵیا سزایەکی دارایی بە بڕی 805 ملیۆن یۆرۆ کە دەکاتە 887 ملیۆن دۆلار بەسەر کۆمپانیای "مێتا پلاتفۆرمز" سەپاند، بەهۆی دەستگەیشتنی بەو وێنە و گرتە ڤیدیۆییانەی لەناو مۆبایلەکانى بەکارهێنەرانی سیستەمی "ئەندرۆید" هەن، بەبێ وەرگرتنی ڕەزامەندیی ڕوون و ئاشکرایان.
دەستەی پاراستنی داتاکان لە ئیتاڵیا ئەوەى خستووەتەڕوو، کۆمپانیاکە لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنی "فەیسبووک"ـەوە دەستی گەیشتووە بە وێنە و گرتە ڤیدیۆییەکان و داتا وەسفییە پەیوەستدارەکانیان، کە لەسەر مۆبایلە زیرەکەکانی بەکارهێنەرانی ئیتاڵی هەڵگیراون.
کۆمپانیاکە بەبێ وەرگرتنی ڕەزامەندییان یان ئاگادارکردنەوەیان بە شێوەیەکی پێویست ئەو داتایانەی بردووە.
بەگوێرەى خەمڵاندنەکان، نزیکەی 20 ملیۆن بەکارهێنەری سیستمی "ئەندرۆید" بەهۆی ئەم کارەوە لە ئیتاڵیا زیانیان بەرکەوتووە.
سزاکە بەسەر کۆمپانیای مێتا پلاتفۆڕمز ئێرلەندا سەپێنراوە، کە لقی سەرەکیی ئەوروپیی گرووپەکەیە، کە ئەم سزایە هاوتایە لەگەڵ نزیکەی 0.47%ـى کۆی داهاتی جیهانیی گرووپەکە.
هاوکات، دەستەکە جەختلەوە دەکاتەوە لە دیاریکردنی بەهای سزاکەدا، ڕێکارێکی چاودێریی پێشووش لەبەرچاو گیراوە کە لە ساڵی 2019 دژی کۆمپانیاکە گیرابووە بەر.
هەروەها دەستەکە مۆڵەتی تەنیا 60 ڕۆژ بە "مێتا" دراوە بۆ زیادکردنی داواکارییەکی ڕەزامەندیی سەربەخۆ و دیاریکراو بۆ بەکارهێنانی ئەم تایبەتمەندییە، کە پێویستە کۆمپانیاکە تایبەتمەندییەکە بە شێوەیەکی بنەڕەتی بە ناچالاکی بهێڵێتەوە.
