بافڵ جەلال تاڵەبانی سەردانی عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کرد.
بافڵ تاڵەبانی لە سلێمانی سەردانی لایەنە سیاسییەکان دەکات.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری سلێمانی سەردانی عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستانی کرد و پێکەوە دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیان تاوتوێ کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، شاندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی و ئەندامێتیی هەریەک لە ڕەفعەت عەبدوڵڵا، شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ و سالار لالە سەرحەد بەشداربوون، لە بەرامبەریشدا شاندی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان پێکهاتبوو لە مامۆستا عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری و هەریەک لە ڕێبوار حەمەد، ئەنوەر سەنگاوی، شێخ فەخرەدین قادر و نەژاد ئەحمەد، بەرپرسی نووسینگەی سەرۆکی کۆمەڵ.
ئەم سەردانە لە چوارچێوەی زنجیرە کۆبوونەوە و جووڵە سیاسییەکانی بافڵ تاڵەبانیدایە لە شاری سلێمانی بۆ لای لایەنە سیاسییەکان.
سەردانەکان بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و هەنگاوەکانی داهاتووی پرۆسەی سیاسی.
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان یەکێک بوو لەو لایەنە سیاسییانەی هاوشێوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و چەند فراکسیۆنێکی دیکە، بایکۆتی دوایین دانیشتنی پەرلەمانی کوردستانی کرد و ئامادەی کۆبوونەوەکە نەبوو.
ئەم جووڵە دیپلۆماسی و سیاسییانە لە کاتێکدان، هەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی هەستیار و ئاڵۆزی سیاسیدا تێدەپەڕێت لە دوای کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی کوردستان و زیاتر بوونی گرژییەکانی نێوان لایەنەکان.