نرخی بەنزین لە وڵاتانی جیهان؛ لە ئەمریکا بەنزین لە هەرێمی کوردستان هەرزانترە
دوایین نرخەکانی بەنزین لە وڵاتانی جیهان دەریدەخەن، عێراق لە لیستی هەرزانترین وڵاتانی جیهان بۆ نرخی بەنزین پلەیەک بەرزبووەوە و گەیشتە پلەی 13، ئێرانیش لە پێشەنگی ئەو وڵاتانەیە کە هەرزانترین نرخیان هەیە و هەر لیترێک بە 0.029 دۆلارە.
بەگوێرەی دوایین داتاکانی ماڵپەڕی "گلۆباڵ پترۆلیۆم پرایس" نرخی بەنزین بە دۆلار لە وڵاتی ئێران هەرزانترینە لە جیهاندا و لیترێک بەرامبەر 0.029 دۆلارە، هەرچەندە بەهۆی نزمى نرخی تمەن بەرامبەر دۆلار خەڵکی ئێران نرخەکە بە زۆر دەزانن.
هاوکات لیبیا لە پلەی دووەمدایە و نرخی لیترێک بەنزین بە 0.031 دۆلارە، پاشئەوەش ڤەنزوێلا بە 0.035 دۆلار بۆ هەر لیترێک لە پلەی سێیەمدایە، کوەیتیش پلەی چوارەمی بەدەستهێناوە بە 0.341 دۆلار بۆ هەر لیترێک بەنزین.
بەگوێرەی ئەو داتایانە، عێراق لە پلەی 13یەمدایە بەنرخی 0.57 دۆلار بۆ هەر لیترێک کە دەکاتە 650 دیناری عێراقی، هەرچەندە ئەوە نرخی بەنزینی بازرگانییە، لەکاتێکدا لە عێراق بەنزینی حکومی هەیە بە کارت دەدرێتە شۆفێران و نرخی هەر لیترێکی 450 دینارە.
لە هەرێمی کوردستان سێ جۆر بەنزین هەیە بە سێ کواڵێتی و نرخی جیاواز، ئەگەر نرخی جۆری دووەم وەربگرین کە (بەنزینی موحەسەن)ى پێدەگوترێت نرخی هەزار و 100 دینارە، ئەوا بۆ هەر لیترێک 90 سەنت دەکات و لە پۆلێنبەندییەکەدا دەکەوێتە پلەی 31 بۆ هەرزانترین نرخی بەنزین، لەکاتێکدا ئەمریکا لەپلەی 30دایە و نرخی لیترێک بەنزین بە 89 سەنتە.
28/01/2024