
لە هەرێمی کوردستان ئامادەکاریی کراوە بۆ یەکخستنی هەردوو کارتی نیشتمانی و زانیاری.
تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان یەکخستنەکە دەستیپێنەکردووە.
وەزارەتى ناوخۆ بۆ بەڕێوەبەرایەتى بارى شارستانى: پەلەبکەن لە کاراکردنى ڕێکارەکان.
یاسر مالیکى، وەزیرى ناوخۆى عێراق، سەردانى بەڕێوەبەرایەتیی بارى شارستانى و پاسپۆرت و مانەوەى لە بەغداد کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بەرپرسانى بەڕێوەبەرایەتییەکە، ڕایسپاردن بە دەرکردنى ژمارەیەک بڕیار و ڕێکارى پەرەپێدان، لەوانە هەموو خزمەتگوزارییە پێشکەشکراوەکان بە هاوڵاتییان بکرێتە ئەلیکترۆنى تاوەکو هاوڵاتى لە ماڵەکەیەوە و لە ڕێگەى مۆبایلەکەیەوە بتوانێت مامەڵەکانى تەواو بکات.
پەلە بکرێت لە ڕێکارەکانى یەکخستنى کارتى نیشتمانیی یەکگرتوو و کارتى نیشتەجێبوون.
لە هەرێمی کوردستان کارتی زانیاریی پێدەگوترێت.
ئەوەش بۆ ئاسانکاریی ڕێوشوێنەکان.
ناوەندەکانى دەرکردنى کارتى نیشتمانی بۆ ڕەوەندى عێراقی لە سەرجەم باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکان کارابکرێن.
میکانیزمى مانەوە و پێدانى ڤیزاى هاتنە ناوەوە بە کەسانى بیانى پەرەى پێبدرێت.
لە پێناو گرەنتیی کۆنترۆڵکردنى بەشێوەیەکى تەواوەتى.
بە گوێرەی بە دواداچوونەکانی کەناڵ8، چەند جارێک لیژنە لە بەغدادەوە بۆ ئەو پرسە هاتووەتە هەرێمی کوردستان و لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی کارتی زانیاری لە پارێزگاکان هەموو ئامادەکارییەک کراوە بۆ ئەوەی کارتی زانیاری لەگەڵ کارتی نیشتمانی یەکبخرێت بەڵام تاوەکو بەشێوەی ئەلیکترۆنی ئەو پڕۆسەیە دەستیپێنەکردووە.
وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی فیدراڵ، جگە لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، لە هەموو عێراق بەڕێوەبەرایەتییەکانی کارتی زانیاری هەڵوەشاندووەتەوە و کردووینەتە نووسینگەیەک سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکانی ڕەگەزنامە بەڵام لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا وەزارەتی ناوخۆ بەوە ڕازینەبووە، پاساوەکەشی ئەوەیە ئەو بەڕێوەبەرایەتییانە لە هەرێمی کوردستان بە بڕیاری پەرلەمان دروستکراون و پێویستیشیان بە بڕیاری پەرلەمانە بۆ هەڵوەشاندنەوەیان.
