
هەواڵگریی ئەمریکا دەڵێت، ئێران هەزار و 500 بۆ دوو هەزار و 500 مووشەکی هەیە.
بەرپرسانی ئەمریکا ڕایانگەیاندووە، ئێران زیاتر لە نیوەی ژمارەی مووشەکەکانی نوێ کردووەتەوە.
بەرپرسانی ئەمریکا ئاشكرایانکردووە، هەواڵگریی وڵاتەکەی هەڵسەنگاندنی کردووە کە ئێران هەزار و 500 بۆ دوو هەزار و 500 مووشەکی هەیە، ئەمەش توانایەکی گەورەی دەداتێ بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجەکانی ئەمریکا لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگ.
بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن، هەڵسەنگاندنەکە زۆر ورد نییە، چونکە قورسە بەدواداچوون بکرێت بۆ ژمارەی ئەو مووشەکانەی ئامادەن و ئەو مووشەکانەی لە کۆگاکانن، بەڵام ئەوە ئاشکرایە کە ئێران ژمارەیەکی زۆر مووشەکی هەیە.
بەگوێرەی وۆڵ ستریت جورناڵ، بەرپرسانی سەربازیی ئیسرائیل هەڵسەنگاندیان کردووە کە ئێران زیاتر لە هەزار و 500 مووشەکی بالیستی هەیە.
بەگوێرەی سیمۆن لیدین، کە لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ، جێگری یاریدەدەری وەزیری جەنگی ئەمریکا بووە، ئەگەر مووشەکەکانی ئێران هەزار و 500 مووشەکیش بن، ئەمە مانای ئەوەیە ئەو وڵاتە زیاتر لە نیوەی مووشەکەکانی بەر لە جەنگ نوێ کردووەتەوە.
بەگوێرەی ئەو بەرپرسە ئەمریکییە، ئێران لەنێوان جەنگە 12 ڕۆژەکەی ساڵی 2025 و دەستپێکردنەوەی گرژییەکانی مانگی شوباتی ئەمساڵ، بەتەواوی خۆی نوێ کردووەتەوە لە ڕووی بەرگرییەوە.
ئێران بەردەوام مووشەکی بالیستی، درۆن و تەکتیکی پێشکەوتووی بەکارهێناوە تاوەکو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بگەیەنێت، لە دەرئەنجامدا بەشێکی زۆر لە بابەتە سەربازییەکانی ئەمریکا گواستراوەتەوە ئیسرائیل ئێستا.
بۆ ئێستا، دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت لە فشارە ئابوورییەکانی بۆ سەر تاران بەردەوام بێت، لە بریی فەرمانی دەستپێکردنەوەی جەنگ بەشێوەیەکی فراوان.
لەلایەکی دیکەشەوە، بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری ئێسرائیلیش لە دوای هەڵبژاردنی وڵاتەکەی بەردەوام فشار دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی جەنگ، بەڕێوبەری مۆساد ڕۆژی هەینی بۆ ئەنجامدانی دانووستان لە واشنتن بووە.

