تەندروستیی جیهانی: 200 ملیۆن کچ و ژن خەتەنەکراون

منداڵێک لە ئەفریقا لە چاوەڕوانیی خەتەنەکردندا. وێنە: AP
منداڵێک لە ئەفریقا لە چاوەڕوانیی خەتەنەکردندا. وێنە: AP

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی نیگەرانە لە بەردەوامیی خەتەنەکردنی کچان و دەڵێت ئەگەر هەنگاوی کرداری نەنێین، لێکەوتە نەرێنییەکانی ئەو نەریتە زیاددەکەن.

بەپێی ئامارێکی نوێ، کە دووشەممە پێنجی شوبات رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بڵاویکردووەتەوە، زیاتر لە 200 ملیۆن کچ و ژن لەسەر ئاستی جیهان خەتەنەکراون کە لە 30 وڵاتی ئەفریقا، ئاسیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدان و ساڵانەش سێ ملیۆن کچ لە مەترسیی خەتەنەکردندان.

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت خەتەنەکردنی کچان بەپێی یاسا و رێکارە نێودەوڵەتییەکان پێشێلکردنی مافی مرۆڤە و هیچ سوودێکی تەندروستیی نییە و تەنیا زیانی لێدەکەوێتەوە بۆ ئەو خانمەی خەتەنە دەکرێت.

بەپێی خەمڵاندنەکانی رێکخراوە جیهانییەکە، تێچووی چارەسەری لێکەوتە نەخوازراوەکانی خەتەنەکردنی خانمان ساڵانە ملیارێک و 400 ملیۆن دۆلارە و ئەگەر هەنگاوی کرداری نەنرێت بە ئاراستەی وازهێنانی خەڵک لە نەریتی خەتەنەکردنی خانمان، ئەوە تێچووەکە بەرەو زیادبوون دەڕوات.

هەرێمی کوردستانیش یەکێکە لەو ناوچانەی جیهان کە خەتەنەکردنی کچان تێیدا بڵاوە، هەرچەندە پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 2011 ەوە بە یاسا خەتەنەکردنی کچانی قەدەغەکردووە.

بەپێی رووپێویی رێکخراوی وادی ئەڵمانی لە ساڵی 2021 لە هەرێمی کوردستان  %48ی خانمانی سەروو تەمەنی 15 ساڵان خەتەنەکراون.