
وەزیرى ناوخۆى هەرێمى کوردستان نیگەرانى خۆى لە دۆخى شنگال دەردەبڕێت.
ڕێبەر ئەحمەد دەڵێت، ئەوەی لە شنگال ڕوویداوە لە دەرەوەی ڕێککەوتنى شنگالە.
ڕێبەر ئەحمەد ڕاشیگەیاند، هیچ هەنگاوێکیش لە شنگال بەبێ هەماهەنگی هەرێمی کوردستان سەرکەوتوو نابێت.
ڕێبەر ئەحمەد، وەزیرى ناوخۆى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، "بەداخەوە ئەوەى لە شنگال دەگوزەرێت شتێکە لە دەرەوەى ڕێککەوتنى شنگالە و ئەو گلەییەیان گەندووەتە حکومەتى فیدراڵى بەڵام وەک پێویست گوێى لێنەگیراوە".
هیچ هەنگاو و گۆڕانکارییەک لە شنگال بەبێ ڕاوێژ و هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرکەوتوو نابێت.
هەنگاونان بە بێ هەرێمی کوردستان کاریگەرى ڕاستەوخۆى نابێت لەسەر گەڕانەوەى ئارامى و سەقامگیرى و گەڕانەوە ئاوارەکان".
گوتەکانى ڕێبەر ئەحمەد لەکاتێکدایە، لەدوێنێوە قۆناغى یەکەمى تێکەڵبوونی هێزەکانی یەبەشە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانى عێراق دەستیپێکرد و لە چوارچێوەی پرۆسەکەدا، لە چیای شنگال یەبەشە بارەگایەک و تۆنێلێکی ڕادەستی هێزە ئەمنییەکانی عێراق کرد.
سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق پرۆسەی تێکەڵاوبوونی ئەندامانی یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە) بە دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق بە ڕۆژێکی مێژوویی ناوبردوو ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو ئەندامانەی کە تێکەڵی هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەبن، چوار هەزار ئەندامە.
گوتیشى، تیکەڵکردنی یەبەشە بە هێزە ئەمنییەکانى عێراق، بەشێکە لە بەرنامەی حکومەتی عێراق و کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت.
لە شوێنەکانی خۆیان جێگیردەکرێن
ڕۆژى 24ـى تشرینى یەکەمى 2026، شاندێکی سەربازیی حکومەتی عێراق سەردانی چیای شنگالی کرد و زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ هێزەکانى یەبەشە ئەنجامدا، بڕیاریشە دواى تێکەڵبوونى هێزەکان هێزە ئەمنییەکانى عێراق لە بنکە و بارەگا و ئەو شوێنانەى هێزەکانى یەبەشەى لێبوو، جێگیر بکرێن.
ئەمە لەکاتێکدایە، ڕۆژی 30ـی ئەیلوولی ڕابردوو، عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری پەکەکە پەیامێکی ئاڕاستەی یەبەشە کرد و داوای لێکردن تێكەڵی سوپای عێراق ببن.
ڕۆژی 11ـی ئەیلوولیش، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و شاندێکی هاوپەیمانیی دۆزی ئێزدی کۆبووەوە و لەپاش کۆبوونەوەکە زەیدی ڕایگەیاند، گرووپەکانی بەرگری لە شنگال چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت دەکەن و مافی چەکدارانی یەکینەکانی پاراستنی شنگال و یەکینەکانی ژنان بەگوێرەی یاسا دەپارێزرێت.
