
89 کۆچبەر ڕزگارکراون و کۆچبەرێک بێسەروشوێنە.
بەدواداچوون دەکرێت بۆ ئەوەى بزانرێت هاونیشتمانیى کوردیان تێدایە یان نا.
بەلەمێکی کۆچبەران لە کاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە لە کەناڵی ئینگلیز، ژێرئاو کەوت و 89 کۆچبەر ڕزگارکراون و کەسێکیش بێسەروشوێنە.
ئەو بەلەمەی کۆچبەران ڕۆژی یەکشەممە هەوڵیداوە کەناڵی ئینگلیز بەرەو بەریتانیا ببڕێت، بەڵام بەلەمەکە ژێرئاو کەوتووە.
89 کۆچبەری نایاسایی لەلایەن دەسەڵاتدارانی فەرەنسا و بەریتانیاوە لەڕێگەی بەکارهێنانی بەلەم و هێلیکۆپتەرەوە ڕزگارکراون.
کۆچبەرێک بێسەروشوێنه، بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێکیش هەڵمەتی گەڕان بەدوای ئەو کۆچبەرەدا بەردەوام بووە.
بەدواداچوونمان کردووە بەڵام تاوەکو ئێستا بۆمان ڕووننەبووەتەوە، کە ئایا هیچ هاونیشتمانییەکی هەرێمی کوردستان لەنێو ئەو بەلەمەدا بووە یان نا.
یەکێک لە هۆکارەکانی درەنگ ئاشکرابوونی چارەنووسی ئەو هاونیشتیمانییانەی لەڕێگەی کۆچدا تووشی ڕووداوی نەخوازراو دەبن ئەوەیە، خۆیان بە هاوڵاتی ئێرانی لە قەڵەم دەدەن و بەڵگەنامەی ئەو وڵاتەیان پێیە، بۆیە بەدواداچوون بۆ چارەنووسیان کاتی زۆری پێدەچێت.
لەسەرەتای ئەمساڵەوە، 25 کۆچبەر لەکاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە بەریتانیا لە کەناڵی ئینگیلز گیانیان لەدەستداوە، لە بەرامبەریشدا 23 هەزار و 500 کۆچبەر گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە.
"بۆ ناشیرینکردنى کوردە" ڤیدیۆی بەلەمێکی کۆچبەران لە بەریتانیا هەرای ناوەتەوە
