
ماددە هۆشبەرەکان، ئەو قەیرانەى بەرۆکى ئێرانى گرتووە و ساڵانە بۆ رووبەڕووبوونەوەى نزیکەى یەک ملیار دۆلارى بۆ خەرجدەکات، بەڵام هەر روو لە زیادبوونە.
ئێران چوار ملیۆن و 900 هەزار کەس ماددەى هۆشبەر بەکاردەهێنن، رۆژ بە رۆژیش بەکارهێنەرانی زیاتر دەبێت، ئەمە ناوەڕۆکی ئەو راپۆرتەیە لەم مانگەدا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی بەرنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی ئێرانەوە بڵاوکرایەوە.
ناوەندی بەرنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەری ئێران دەڵێت، تەنیا لەماوەی نۆ مانگی ساڵی 2023دا زیاتر لە 514 تۆن ماددەی هۆشبەر لە ئێران دەستیبەسەرداگیراوە، 45%ی زیندانییانی ئێران ئالوودەبووی ماددە هۆشبەرەکانن.
زۆرترین ماددەی بەکارهێنراو لە ئێران لە جۆری تلیاکە، 64%ی ماددە بەکارهێنراوەکانى ئەو وڵاتە پێکدەهێنێت، هەر لەم ماوەیەدا 75 هەزار و 142 کیلۆگرام حەشیش، 11 هەزار و 879 کیلۆگرام مۆرفین، 28 هەزار و 358 کیلۆگرام شیشە، نۆ هەزار و 777 کیلۆگرام ماددەی هێرۆین دەستی بەسەردا گیراوە
بەگوێرەی یاسای بەرنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانى ئێران، هەموو جۆرە بەکارهێنان، بازرگانی، کڕین و فرۆشتن بە ماددەی هۆشبەر، بەکارهێنان و دروستکردنی ئەو کەرەستانەی کە ماددەکە دروستدەکەن، هەموو ئەوانەی کە بازرگانانی ماددەی هۆشبەر داڵدەدەن، قەدەغەیە و لە پێبژاردنەوە تاوەکو سزای لە سێدارەدان حوکمی هەیە.
بە گوێرەی یاساکە، لە قۆناغەکانی سەرەتادا بە پێبژاردنی زیاتر لە 100 ملیۆن تمەن دەستپێدەکات، پاشئەوە بۆ سزای پێنج ساڵ زیندانی، هەندێک حاڵەتیش دەگاتە سزای لە سێدارەدان
سەردار عەلی ئازادی، فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای سنە رایگەیاند، لە شەش مانگی سەرەتای ساڵی 2023دا دەستبەسەر یەک تۆن ماددەی هۆشبەر لەو پارێزگایەدا گیراوە، کە نیوەی ئەو ماددە هۆشبەرانە تلیاک بووە.
هەر لە پارێزگاکە دوو هەزار و 820 قاچاخچی و فرۆشیاری ماددەی هۆشبەر دەستبەسەرکراون، هەزار و 454 کەسیان ئالوودەی مادەی هۆشبەر بوون .
ئەسکەندەر مومەنی، ئەمینداری گشتی بارەگای دژە ماددەی هۆشبەر لە ئێران رایگەیاند، خەمڵاندنەکان پیشانیدەدەن 50%ی هەموو ئەو ماددە هۆشبەرانەی لە ئەفغانستان بەرهەمدەهێندرێن بە ئێراندا تێدەپەڕن.