کەمخەوی ئەگەری توشبوون بە شەکرە زیاددەکات
سەروەر سالار 06/03/2024
توێژینەوەیەکی نوێ ئاماژە بەوە دەکات کە کەمخەوی، بەرێژەیەکی بەرچاو مەترسیی توشبوون بە نەخۆشیی شەکرە زیاددەکات.
توێژینەوەکە لەسەر 248 هەزار دانیشتووی بەریتانیا کراوە و لە گۆڤاری زانستیی جامادا بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو کەسانەی شەوانە کەمتر لە حەوت بۆ هەشت کاتژمێر دەخەون، مەترسیی توشبوونیان بە نەخۆشیی شەکرە زیاترە.
توێژینەوەکە دەریخستووە کە ئەو کەسانەی پێنج کاتژمێر دەخەون، نزیکەی %16، و ئەوانەشی شەوانە تەنیا سێ کاتژمێر دەخەون، نزیکەی %41 ئەگەری توشبوونیان بە نەخۆشیی شەکرەی جۆری دوو زیاترە.
پێشتریش توێژینەوەکان دەریانخستووە کە جگە لە نەخۆشیی شەکرە، کەمخەوی هۆکارێکە بۆ توشبوون بە چەندین نەخۆشیی جۆراوجۆر، بۆنموونە نەخۆشییەکانی دڵ، رەبۆ، گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدە و نەخۆشییە دەمارییەکانی وەکو پارکینسن و ئاڵزهایمەر.
سەروەر سالار
06/03/2024