نەتەوەیەکگرتووەکان بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیی رووسیا لە ناوچەکانى ئۆکرانیا سەرکۆنە دەکات
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێرى گشتیى نەتەوەیەکگرتووەکان و ژمارەیەک وڵاتى جیهان سەرکۆنەى بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیى رووسیا لە ناوچەکانى ئۆکرانیا دەکەن.
ستیڤان دوجاریک، گوتەبێژى سکرتێرى گشتى نەتەوەیەکگرتووەکان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەکرد، گۆتێرێس سەرکۆنەى بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیی رووسیا لەو ناوچانەى ئۆکرانیا دەکات کە لەلایەن رووسیاوە دەستیبەسەردا گیراوە.
راشیگەیاندووە، هەوڵەکانى رووسیا بۆ لکاندنى ناوچەکانى ئۆکرانیا بە خاکى وڵاتەکەیەوە بە گوێرەى یاساى نێودەوڵەتى پووچەڵە و جەختدەکەنەوە لە سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاکى ئۆکرانیا.
هاوکات روزمارى دیکارلۆ، یاریدەدەرى سکرتێرى گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروبارى سیاسى لە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى، بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیى رووسیاى ناوچەکانى ئۆکرانیا بە کارێکى قبووڵنەکراو ناوبرد.
باڵیۆزى ئۆکرانیاش راگەیەندراوێکى بەناوى 50 وڵاتى جیهان لەناویاندا ئەمریکا، فەڕەنسا، بەریتانیا و ژاپۆن خوێندەوە و سەرکۆنەى هەڵبژاردنەکەى رووسیای لە چەند ناوچەیەکى ئۆکرانیا کرد.
16/03/2024