
نوێترین داتاى بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان بۆ کەناڵ8 نێردرا کە ئاماژە بە بەرزبوونەوەى بەرچاوى ڕێژەى دابین و بەکارهێنانى ئاو لەلاى هەر تاکێک دەکات کە دوو هێندەی ستانداردە نێودەوڵەتییەکانە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان، ئەم ئامارانە وەک بەڵگەی توانای بەرزی تۆڕەکانی بەرهەمهێنانی ئاو دەبینێت، بەڵام هاوکات هۆشداریی دەدات کە ئەم قەبارە بەرزەی بەکارهێنان لە ناوچەیەکدا کە ڕووبەڕووی لێکەوتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، کەمبارانی و دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی دەبێتەوە، مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی ئاو.
بە پشت بەستن بە لێکدانەوەى شارەزایان، بەڕێوەبەرایەتییەکە جەخت لە پێویستیی چاکسازیی ستراتیجی لە تۆڕەکانی دابەشکردن، دانانی پێوەری زیرەک و بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی دەکاتەوە تاکو هاوسەنگی لە نێوان بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی ڕاستەقینەدا بەرقەرار بێت.