پارێزگاری سنە: کار بۆ کردنەوەی سنوورەکانی هەنگەژاڵ و سێف دەکرێت
پارێزگاری سنە رایگەیاند، داوای کردنەوەی خاڵە سنوورییەکانی هەنگەژاڵی بانە و سێفی سەقز دەکرێت و پێویستیشە لە سنووری باشماخ ئامێری ئێکس رای بۆ پشکنینی بار و کاڵاکان دابنرێت.
ئیسماعیل زارعی کوشا، پارێزگاری سنە ئاماژەی بەوەشکرد، لە تاران ژمارەیەک دانیشتن لەبارەی کردنەوەی خاڵە سنوورییەکانی هەنگەژاڵی بانە و سێفی سەقز بەڕێوەچوون. کردنەوەی ئەو خاڵە سنوورییانە داوای سەرەکیی خەڵکی ناوچەکەن لە حکومەتی عێراق، لەبەر ئەوەش لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بە دواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەکرێت.
زارعی کوشا راشیگەیاند، کاڵای قاچاخ جگە لەلایەنی ئابووری، لە رووی ئەمنی و لێکەوتەکانی بۆ سەر کۆمەڵگە، گرنگیی خۆی هەیە.
بە گوتەی زارعی کوشا هەموو سنوورەکانی ئێران، لە رووی پشکنینی کاڵا بە ئامێری ئێکس رای کێشەیان هەیە و نەبوونی ئەو ئامێرە لە دەروازەی باشماخ کێشەیەکی گەورەیە و دەبێت کاری پێویست بۆ دانانی ئەو ئامێرە لەو سنوورەدا بکرێت.
هەروەها پێویستە بابەتەکانی عەمباری گشتی، گەشەدان بە خاڵە سنووریەکانیش یەکلایی بکرێنەوە، گرنگیشە دیدی جیاواز بۆ کار لە سنوورەکاندا نەمێنێت و بە دیدێکی هاوبەشەوە، هەماهەنگی بۆ کار لە سنوورەکاندا لەنێوان پارێزگاکانی سنە، کرماشان و ورمێدا هەبێت.
27/04/2024