
باس لە پڕۆژەیەکی نوێی یانەی بەرشلۆنە دەکرێت لەناو یاریگای (سپۆتیفای کامپ نو)، کە بریتییە دروستکردنی شوێنێکی تایبەت بۆ یادکردنەوە و نێشتەجێکردنی خۆڵەمێشی مردووان (گۆڕستانێکی ناوەوەی یاریگا) بۆ هاندەرە دڵسۆزەکانی یانەکە.
ئەمە بەشێکە لە گەورەترین پڕۆژەی نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی یاریگای سپۆتیفای کامپ نو.
شوێنەکە پێکدێت لە نزیکەی 26 هەزار و 600 نیشگە (شوێنی تایبەت) بۆ دانانی دۆڵاب یان سندووقی خۆڵەمێشی مردووان، هەروەها ڕووبەرێکی فراوان بۆ دانانی پەیکەر و تابلۆی یادگاری بۆ هاندەران لەنزیک یاریگاکە و چەند مەترێک دوور لە سەوزایی یاریگا.
یانەکە دەیەوێت ئەو هاندەرە سەرسەختانەی کە تەمەنیان لەپێناو پشتگیریکردنی یانەکەدا بەسەربردووە، لە دوای مردنیشیانەوە پەیوەندییان بە یانە و یاریگاکەیانەوە نەبڕێت وەک خۆیان دەڵێن: "کە زیندوو بوون لە یاریگە ئامادەبوون، لە پاش مردنیشیان هەر لەناو ماڵی خۆیاندا دەبن."
نرخەکان بەپێی ماوەی بەکرێگرتن و پاراستن دەگۆڕێت؛ بۆ نموونە بۆ ماوەی دە ساڵ نزیکەی دوو هەزار و 490 یۆرۆیە و بۆ ماوەی پەنجا ساڵ دەگاتە نزیکەی شەش هەزار یۆرۆ، جیا لەوەی تێچووی کارگێڕی و چاودێری ساڵانەی لەسەرە.