
بەهۆى دانەنانى نوێنەرى پێکهاتەکانى کورد و تورکمان لە هەڵبژاردنی یەکێتی جووتیارانی عێراق لە کەرکووک ناڕەزایی دروستبووە.
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکیش نووسراوێکی سکاڵای بۆ دەستەی دەستپاکی عێراق کردووە.
بڕیارە ئەمڕۆ هەڵبژاردنی یەکەی کارگێڕی یەکێتی جووتیارانی کەرکووک ئەنجامبدرێت، بەڵام تەواوی پرۆسەکە لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکەوە نیگەرانی لەسەرە و عەبدوڵا میروەیس، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنەکە ڕایگەیاندووە، ناڕەزاییان هەیە لەسەر ڕێکارەکانی هەڵبژاردنی دەستەی کارگێڕی یەکێتی جووتیارانى کەرکووک.
لە 3ـى حوزەیرانـی ئەمساڵ ڕاگەیێنرا یەکێتی جووتیارانی عێراق لە کەرکووک هەڵدەبژێرێت.
لە 7ـی حوزەیراندا هەڵبژاردنەکە کرا و ژمارەیەک نوێنەر دەنگیان پێدرا.
ئێمە تانەمانداوە لە شێوازی هەڵبژاردنەکە و ماوەی دیاریکراو بۆ هەڵبژاردنی کەسەکان بەڵام بەهەند وەرنەگیراوە.
ڕێکارەکان خەلەلی یاسایی و تەکنیکی هەیە و بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆ کارەکان نەکراوە.
شۆک بووین بە بەشداریی نەکردنی پێکهاتەی کورد و تورکمان و بەشێک لە عەرەبەکان لە هەڵبژاردنەکەدا.
سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵی لە ئەنجوومەنەکە داوا دەکات لایەنە پەیوەندیدارەکان لێکۆڵینەوە بکەن لەپرۆسەکە و چاوبخشێننەوە بە ئەنجامەکان و بڕیاربدەن لە بارەی دووبارە دروستکردنەوەی لیژنە و ڕێکخستنەوەی هەڵبژاردنەکە لەچوارچێوەی یاسایی خۆی بە بەشداری هەرسێ پێکهاتەی کورد و تورکمان و عەرەب.
یەکێتى و سەندیکاکانى عێراق لەلایەن حکومەتەوە پاڵپشتى دارایی دەکرێت، یەکێک لە سەندیکاکانیش، یەکێتى جووتیارانى پارێزگاى کەرکووکە، داواکارى و کێشەکانى جووتیارانى پارێزگاکە دەگەیەننە لایەنە پەیوەندیدارەکان تاوەکو چارەسەر بکرێن.
