پسپۆڕێک: هەرێمی کوردستان لەبەردەم مەترسیی بەبیابانبووندایە
گۆڕانی کەشوهەوا، ئێستا لە هەموو جیهاندا بابەتێکی گەرمە و پسپۆڕان باس لەوە دەکەن کە کاریگەرییەکی گەورەی کردووەتە سەر ژینگەی هەموو جیهان و تەندروستیی مرۆڤیش. یەکێک لە کاریگەرییەکانی ئەم گۆڕانە، بەرزبوونەوەی بەردەوامی پلەکانی گەرمایە. بە گوێرەی کۆتا راپۆرتی ETH zurich، ساڵی رابردوو، واتە ساڵی 2023، پلەی گەرمیی زەوی 0.26 پلەی سیلیزی بەرزبووەتەوە.
د. ژینۆ خالید، پسپۆڕی پیسبوونی ژینگە و مامۆستا لە زانکۆی سلێمانی، بە کەناڵ8ی راگەیاند کە بەهۆکاری گۆڕانی کەشوهەوا، چینی سەرەوەی زەوی زیانی پێگەیشتووە و بەبیابانبوون زیادیکردووە.
"کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بەروونی دەرکەوتوون، کەمبوونەوەی ئاو یەکێکە لە نیشانەکان. هەروەها ئەو خۆڵبارینەی کە لە هەرێمی کوردستان و عێراق روودەدات، کاریگەریی بەبیابانبوونی زەوییە و ئاماژەیە بۆ ئێمە تاوەکو هەوڵبدەین زەوییەکەمان ببووژێنینەوە"
د. ژینۆ خالید - پسپۆڕی پیسبوونی ژینگە
بەشێک لەو کەسانەی نکۆڵی لە دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا دەکەن، باس لەوە دەکەن کە ئەگەر گۆڕانی کەشوهەوا راستیش بێت، بەهۆی پیشەسازی و گواستنەوە و چالاکییەکانی دیکەی مرۆڤەوە نییە.
لە راپۆرتەکەی ETH zurichدا هاتووە کە مرۆڤ و چالاکییەکانی، بەرپرسن لە نزیکەی %92ی گۆڕانی کەشوهەوا و هۆکارە سروشتییەکانیش %8ی گۆڕانی کەشوهەوا پێکدەهێنن.
یەکێک لەو مەترسییانەی ئێستا لەسەر ژینگە هەیە، پیسبوونی سەرچاوە ئاوییەکانە. بەگوێرەی گوتەی د. ژینۆ، هەرێمی کوردستان لەڕووی پیسبوونی ئاوەوە کێشەی زۆری هەیە
"ئێستا ئاوی ئاوەڕۆکان بەبێ چارەسەرکردن تێکەڵدەبێتەوە بە ئاوی رووبار و دەریاچەکان، لە کاتێکدا ئەم ئاوە چەندین ماددەی کیمیایی تێدایە کە زیان بە ئاو و ئاژەڵەکانی ناوی دەگەیەنن"
د. ژینۆ خالید - پسپۆڕی پیسبوونی ژینگە
جگەلەمەش "گۆڕانی کەشوهەوا بەهۆی کەڵەکەبوونی ماددە زیانبەخشەکانە لە بەرگەهەوای زەویدا، بۆیە کاتێک باراندەبارێت، ئەو ماددانە لەگەڵ باران دێنەوە بۆ سەر زەوی و تێکەڵ بە ئاوەکان دەبنەوە"
پسپۆڕەکەی ژینگە ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێستا هەرێمی کوردستان و عێراق گرفتی ئاویان زۆرە و لەسەر ئاستی جیهان لەنێو ئەو ناوچانەدا هەژماردەکرێن کە مەترسیی بەبیابانبوونیان لەسەرە.
دەمێکە پسپۆڕان هۆشداریدەدەن لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییەکانی لەسەر داهاتووی مرۆڤ. پێشبینیدەکرێت لە ماوەی چەند ساڵی داهاتوودا پلەی گەرمیی زەوی 1.5 بۆ 2 پلەی سیلیزی بەرزببێتەوە و ئەمەش ببێتەهۆی توانەوەی سەهۆڵبەندانەکانی بەستەڵەکی باکووری زەوی و ژێرئاوکەوتنی چەند شارێکی گرنگی سەر نەخشەی زەوی.
07/06/2024