کۆمپانیایەکی گەشتیاریی وەهمی فێڵ لە 200 هاوڵاتی عێراقی دەکات

نەخشەى عێراق
نەخشەى عێراق

نزیکەی 200 هاوڵاتی عێراقی لەلایەن کۆمپانیایەکی گەشتیاریی وەهمییەوە خەڵەتێنراون و بەناوى گەشتکردن بۆ سووریا، 100 ملیۆن دیناریان براوە.

بەگوێرەی میدیا عێراقییەکان، 200 هاوڵاتی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور، لەگەڵ کۆمپانیایەکی گواستنەوەی وەهمی رێککەوتوون بۆ گەشتکردن بۆ وڵاتی سووریا، بەڵام لە کۆتاییدا فێڵی لێکردوون و بڕی 100 ملیۆن دیناری لێکۆکردوونەتەوە و خۆی ونکردووە.

دوای ئاشکرابوونی رووداوەکە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە و توانیوویانە بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە لە شاری نەجەف دەستگیربکەن.

میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆیی عێراق، بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاندبوو، لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی رووبەرووبوونەوەی تاوانی رێکخراوەوە، دەیان کەس لەسەر ئەو دۆسیانە دەستگیرکراون و دەیان کۆمپانیاش رێوشوێنی یاسایی توندیان لە بەرامبەر گیراوەتە بەر، چاودێریی وردی کۆمپانیاکانی گەشتیاری و ئاڵۆگۆڕکردنی دراو و حەواڵەکان دەکرێت.

میدیا عێراقییەکان ئاماژە بەوەش دەکەن، هەرچەندە نزیکەی 40 سکاڵا لە دژى بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە لەلایەن ئەو هاوڵاتییانەوە تۆمارکراوە، بەڵام دواتر بە بارمتەی دارایی لەلایەن دادوەری لێکۆڵینەوەوە ئازادکراوە.

Loading related news...