وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن: رۆژانی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12 هێڵی ئینتەرنێت رادەگرین

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەسەر داوای وەزارەتی پەروەردە رۆژانی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12 هێڵی ئینتەرنێت رادەگرن.

دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان بە کەناڵ8ـی راگەیاند، وەزارەتی پەروەردە بە فەرمی ئاگاداریان کردوونەتەوە کە لە رۆژانی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ـی ئامادەیی لە کاتژمێر 6:00 بۆ 8:00ـی بەیانی هێڵەکانی ئینتەرنێت رابگرن.

گوتیشی، داواکارییەکەی وەزارەتی پەروەردە جێبەجێ دەکەین و سەرجەم کۆمپانیاکانی دابینکردنی ئینتەرنێتمان ئاگادارکردووەتەوە و تاوەکو تاقیکردنەوەکان کۆتاییان دێت، ئەو دوو کاتژمێرە هێڵی ئینتەرنێت رابگرن.

بڕیارە رۆژی 23ـی ئەم مانگە تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12 دەستپێبکەن و هەفتانە دوو تاقیکردنەوە لە رۆژانی یەکشەممە و چوارشەممە ئەنجامدەدرێن و رۆژی 17ـی تەمووز کۆتا رۆژی تاقیکردنەوەکان دەبێت.