بەرپرسێکى سعودیە: ئەمساڵ زیاتر لە 1100 حاجى گیانیانلەدەستداوە

ماندووبوونى حاجيان بەهۆى گەرماوە. فۆتۆ: AFP
ماندووبوونى حاجيان بەهۆى گەرماوە. فۆتۆ: AFP

بەرپرسێکى سعودى بۆ ئاژانسى فرانس پرێس ئاشکرایکرد، ئەو حاجیانەى کە ژمارەیان زیاتر لە 1100 کەسە و ئەمساڵ لە فەریزەى حەج گیانیانلەدەستداوە، زۆرینەیان بەهۆى بەرزى پلەکانى گەرماوە بوون.

ئەمساڵ زیاتر لە 1100 حاجى لەکاتى بەجێهێنانى فەریزەى حەج گیانیانلەەستداوە، بەرپرسێکى سعودیە لەو بارەیەوە بە ئاژانسى فرانس پرێسى گوتووە، دەوڵەتى سعودیە هیچ کەموکوڕییەکى نەبووە، بەڵام خەڵک بیریان لەو مەترسییانە نەکردووەتەوە کە رووبەڕوویان دەبێتەوە.

بەگوێرەى داتاکانى فرانس پرێس، ئەمساڵ هەزار و 126 حاجى گیانیانلەدەستداوە، ئەو بەرپرسە سعودیەش ئاشکرایکردووە، 577 حاجى لە رۆژى عەرەفە و یەکەم رۆژى جەژن گیانیانلەدەستداوە.

بەگوێرەى داتاکانى حکومەتى سعودیە، ئەمساڵ ملیۆنێک و 800 هەزار کەس بەشێوەیەکى فەرمى فەریزەى حەجیان بەجێهێناوە، ئەو بەرپرسەى سعودیەش باسى لەوەکردووە، بەگوێرەى هەڵسەنگاندنەکان 400 هەزار کەس بەشێوەى نایاسایى هەوڵیانداوە فەریزەکە جێبەجێبکەن، کە زۆرینەیان میسرین.

بەگوێرەى ئامارەکانى بەڕێوەبەرایەتى حەج و عومرەى هەرێمى کوردستان، ئەمساڵ چوار هەزار و 600 حاجیی هەرێمى کوردستان بەشداریی فەریزەی حەجیان کردووە.

هاوکات، د. سیروان عەبدولرەحمان، نوێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردسان و وەزارەتى ئەوقاف بە کەناڵ8ـى گوت، 19 حاجى لە سعودیە کۆچى دواییان کردووە، هەروەها زیاتر لە 10 کەس دەستگیرکراون و بەدواداچوونیان بۆ دەکەن.