
هەفتەی ڕابردوو، ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، ڕۆژئاوای ئاگادار کردەوە، مۆسکۆ ئامادەیە هەموو چەکەکانی و بە چەکی ئەتۆمیشەوە بەکاربهێنێت، ئەگەر ناوچە دابڕاوەکەی لە کەناری دەریای باڵتیک بکەوێتە بەر هێرش.
لای خۆیەوە مارک ڕووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆش گوتی، هاوپەیمانییەکە لە وەڵامی پەیامەکەی ڕووسیادا ڕایگەیاندووە: "ئێمە هاوپەیمانییەکی بەرگرین"، داواشی کردووە ڕووسیا هەڕشە ئەتۆمییەکان و جەنگی ئۆکرانیا بوەستێنێت.
لە دوایین پەرەسەندنیشدا، لیتوانیا سەربازی بۆ بەهێزکردنی سنوورەکەی لەگەڵ کالینینگرادی ڕووسیا ڕەوانەکردووە.
مارتیناس کاتێلیناس، وەزیری ناوخۆی لیتوانیا، ڕایگەیاند، ئەم بڕیارە دوای پێشێلکارییەکی گەورەی ئەمنی دێت کە لەسەر سنووری نێوان لاتفیا و بێلاڕووس تۆمارکراوە، تیایدا چەند کەسێکی دەمامکدار و چەکدار، لە سنووری بێلاڕووسەوە ژمارەیەک کۆچبەریان پەڕاندووەتەوە بۆ ناو خاکی لاتیڤیا و زیانیان بە کەرەستە و ئامێرە کارەباییەکان گەیاندووە و کامێراکانی چاودێریی سەر سنووریان دزیوە، پێش ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ خاکی بێلاڕووس.
شارەزایانی بواری ڕووسیا بە گۆڤاری (زە ئەمێریکان کۆنزێرڤەتیڤ)یان ڕاگەیاندووە، مۆسکۆ بایەخێکی زۆر بە ناوچەی کالینینگراد دەدات، بەو پێیەی بەندەرێکی دیکە بە ڕووسیا دەبەخشێت لەسەر دەریای بالتیک، هاوکات بنکەیەکی سەربازیی گرنگە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ڕووسیا.
هەرێمى کالینینگراد، خاکی فەرمیی ڕووسیایە و ناسنامەی نێودەوڵەتیی هەیە، بۆیە هەر هێرشێک یان گەمارۆیەک بە مانای دەستپێکردنی جەنگ دێت و حکومەتی ڕووسیا ناچارە وەڵامی هەبێت.

.jpg)

.jpg)
