
گوتەبێژى شارەوانیی سلێمانی ڕاگەیاند، تاوەکو ئێستا 570 هەزار مەتر دووجا شەقامیان قیرتاو کردووە.
گوتەبێژى شارەوانیی سلێمانی دەشڵێت، هەڵمەتی نۆژەنکردنەوەى شەقامەکانی ناوشار و دەرەوەش بەردەوام دەبێت.
سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی یەکێک لە گەورەترین هەڵمەتەکانی نۆژەنکردنەوەی شەقامەکانی لە ناو شاردا دەستپێکردووە و تیمەکانی شارەوانی و کەرتی تایبەت پێکەوە سەدان هەزار مەتر دووجا ڕووبەریان قیرتاو کردووە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی تێکچوونی ڕێگەوبانەکان و ئامادەکاری بۆ وەرزی زستان دەبینرێت.
شارەوانیی سلێمانی لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی سێ قۆناغیدا، بەشێکی زۆری ڕێگا سەرەکییەکانی شارەکەی نۆژەن کردووەتەوە و بڕیارە کارەکان بگەنە ناو گەڕەکەکانیش.
ئەنجوومەن حوسێن، گوتەبێژی سەرۆکایەتی شارەوانیی سلێمانی بە کەناڵ8:
لە ناوەڕاستی مانگی نیسانەوە دەستکراوە بە هەڵمەتی قیرتاوکردنی شەقامەکان.
تاوەکو ئێستا 570 هەزار مەتر دووجا قیرتاوکردن جێبەجێکراوە.
ئەم کارانە لەلایەن کارگەی قیری شارەوانی، تیمەکانی شارەوانی، کۆمپانیاکان و بەڵێندەرانەوە ئەنجامدراون.
شارەوانیی سلێمانی دڵنیایی دەداتە هاونیشتمانیان کە بەپێی بودجەی بەردەست و تا ئەو کاتەی کەشوهەوا گونجاو بێت، لە نۆژەنکردنەوەی شەقامەکان و کۆنکرێتکردنی کۆڵانەکان بەردەوام دەبن.
دوای تەواوبوونی ڕێگە سەرەکییەکان، قۆناغی خزمەتگوزارییەکانی ناو گەڕەکەکانیش دەستپێدەکات.
گوتەبێژی سەرۆکایەتی شارەوانیی سلێمانی، ئەوەشى دووپاتکردەوە، چاکسازى و نۆژەنکردنەوەى شەقامەکان بەردەوامە و بەگوێرەى پلانى سەرۆکایەتى شارەوانى تاوەکو کۆتایى مانگى 12 واتە تا کۆتایی ئەمساڵ بەم شێوە گشتگیرە بەردەوام دەبێت.
سەرۆکایەتى شارەوانی سلێمانى بەردەوام دەبێت لە چاککردنی هەموو ئەو شەقامانەی کە قیری کۆنیان هەڵگیراوەتەوە، هاوکات لە وەرزی زستاندا تەنیا چاککردنەوەی ئەو چاڵ و چۆڵیانە دەکرێت کە بەهۆی بارانەوە دروست دەبن.
ئەمە لەکاتێکدایە، سەرۆکایەتى شارەوانى سلێمانى ساڵانە لە ناوەڕاستى مانگى نیسان تاوەکو کۆتایی ساڵ دەست دەکات بە دروستکردنى شەقامى نوێ و چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەى ئەو شەقامانەى خراپبوون.
