
شاژنی تۆپی پێیە و سێ باڵۆن دۆری هەیە، سەلماندی ئەوەی پیاوان دەیکەن، خانمانیش دەتوانن بیکەن، خانمانیش لە خەڵات و لە جیهانی وەرزش کەم تەرخەمیان نەکردووە.
ئەلێکسیا پوتێیاسی ئیسپانی، یاریزانی ناوداری تۆپی پێ ناسراو بە شاژنی تۆپی پێ، لە ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتەکانی باڵۆن دۆر بۆ ساڵی 2026 توانی جارێکی دیکە ناوی خۆی لە لیستی گەورەکان لە مێژووی وەرزشدا بنووسێتەوە کاتێک بۆ جاری سێیەم لە ژیانی وەرزشیدا خەڵاتی تۆپی زێڕینی وەکو باشترین یاریزانی جیهان بەدەستهێنا.
ئەم سەرکەوتنە گەورەیە دوای ئەوە هات کە ئەم یاریزانە ئیسپانییە لە ماوەی ڕابردوودا ئاستێکی زۆر بەرز و ناوازەی پێشکەش کرد و توانی سەرکردایەتیی یانەی پێشووی، بەرشلۆنە، بکات بۆ بەدەستهێنانی چەندین نازناوی گرنگ لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ئەوروپی، لەوانەش سەرکەوتن لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا کە تێیدا وەک باشترین یاریزانی پاڵەوانێتییەکەش هەڵبژێردرا.
گەڕانەوەی پوتێیاس بۆ لووتکەی تۆپی پێی جیهان
ئەمە کارێکی ئاسان نەبوو، بەڵکو چیرۆکێکی پڕ لە خۆڕاگری و تێکۆشان بوو، بەتایبەت کە لە ڕابردوودا تووشی پێکانێکی قورس و درێژخایەن بوو کە بۆ ماوەیەکی زۆر دووری خستەوە لە یاریگاکان.
سەرەڕای ئەو بەربەستە دەروونی و جەستەییانە، ئەو یاریزانە توانی بە کارکردنی بەردەوام بگەڕێتەوە ئاستە ڕاستەقینەکەی و بیسەلمێنێت کە هێشتا دەتوانێت لە خولی پێشەنگی جیهاندا بدرەوشێتەوە.
ئەلێکسیا دوای ئەوەی لە وەرزەکانی 2021 و 2022 دا ئەم خەڵاتە گەورەیەی بەدەستهێنابوو، ئێستا بە کۆکردنەوەی سێ خەڵاتی باڵۆن دۆر هاوتا دەبێت لەگەڵ دەستکەوتەکانی هاوڕێ و هاونیشتمانییەکەی ئایتانا بۆنماتی، ئەوەش مۆدێلێکی بێوێنە لە هەژموونی تۆپی پێی ئیسپانی لەسەر ئاستی جیهان نیشان دەدات کە توانیویەتی بۆ شەش ساڵی یەک لە دوای یەک، وەکو دوو ئیسپانی خەڵاتەکە بۆ خودی خۆیان مسۆگەر بکەن.
پوتێیاس دوای بەڕێکردنی 14 وەرز لە بەرشلۆنەی خانمان، لە مانگی پێنجی ئەمساڵ ماڵئاوایی راگەیاند، خاوەنی 38 نازناوی جۆراوجۆرە، چوار چامپیۆنزلیگ، 10 لالیگای هەیە، خاوەنی 232 گۆڵە و تەنانەت مۆندیالی خانمانیشی بردووەتەوە لەگەڵ هەلبژاردەی ئیسپانیا، ئێستا نازناوی شاژنی تۆپی پێیان لێناوە.
