گەشتیارانى هەرێمى کوردستان لە کڕینى دۆلار بە نرخى فەرمى بێبەشکراون

بڕێک لە دراوی دۆلار و دینار لە بازاری دراوی سلێمانی. فۆتۆ: حەمە سوور - کەناڵ8
بڕێک لە دراوی دۆلار و دینار لە بازاری دراوی سلێمانی. فۆتۆ: حەمە سوور - کەناڵ8

بانکى ناوەندیی عێراق، نووسراوى بۆ فڕۆکەخانەکانى هەولێر و سلێمانى نەناردووە بۆ فرۆشتنى دۆلار بە گەشتیاران بە نرخى فەرمى کە 132 هەزار دینارە بۆ هەر سەد دۆلارێک.

ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەرى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیی هەولێر بەکەناڵ8ـی گوت "هیچ نووسراوێکى فەرمى بانکى ناوەندى عێراقمان پێنەگەیشتووە بۆ فرۆشتنى دۆلار بە گەشتیاران".

هاوکات، دانا محەمەد، بەڕێوەبەرى راگەیاندن و پەیوەندییەکانى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیی سلێمانى بە کەناڵ8ـی راگەیاند "هیچ نووسراوێکى فەرمى لەلایەن بانکى ناوەندییەوە نەنێردراوە بۆ ئەوەى دۆلار بە نرخى فەرمى بدرێتە گەشتیاران".
ئەوەشی خستەڕوو کە ساڵى رابردوو بانکى ناوەندیى عێراق تەنیا بۆ ماوەى دوو هەفتە لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى سلێمانی دۆلارى بە نرخى فەرمى دەدا بە گەشتیاران، دواتر ئەوەش راگیرا.

ئەمە لەکاتێکدایە، بەگوێرەى بڕیارى بانکى ناوەندیى عێراق دۆلار بە نرخى فەرمى دەدرێت بە گەشتیاران، کە مەرجە گەشتیاران دوو رۆژ پێش ئەوە پاسپۆرت و ڤیزاى گەشتەکانیان بدرێتە بانک و لقى بانکەکان بۆ ئەوەى دۆلار بە نرخى فەرمى کە 132 هەزار دینارە بۆ هەر سەد دۆلارێک وەربگرن.

Loading related news...