دەزگای ئاسایش هەڵوەشاندنەوەی گرووپێکی تاوانی ئەلیکترۆنی راگەیاند کە لەلایەن ئینتەرپوڵەوە داواکراو بوون
دەزگای ئاسایشى هەرێمى کوردستان، دەستگیرکردن و هەڵوەشاندنەوەی گروپێکی مەترسیداری تاوانی ئەلیکترۆنی راگەیاند، کە زیاتر لە 250 کەسیان لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک کردووەتە ئامانج.
دەزگای ئاسایشى هەرێمى کوردستان لەراگەیەندراوێکدا ئەمرۆ چوارشەممە ئاشکرایکرد، دوای کۆکردنەوەی زانیاری ورد و دەستنیشانکردنی شوێنی تۆمەتبارێک، لەلایەن تیمە تەکنیکییەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی، توانییان ئەندامێکی سەرەکی باندە تاوانکارییەکە دەستگیربکەن، ئەم باندە داواکراون لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان و پۆلیسی نێودەوڵەتی "ئینتەرپول"ەوە.
ئاماژەى بەوەشکردووە، ئەم باندە بەشێوەی گرووپ لە دەرەوەی وڵات کاریان کردووە، بوونەتە هۆی مەترسی بۆ سەر ژیانی 250 قوربانی.
دەزگای ئاسایش هەرێمى کوردستان دەڵێت، بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، توانرا ئەندامێکی سەرەکی باندەکە بەئامانج بگرن و لە وڵاتی تورکیاوە بە پلانێکی تۆکمە بەناونیشانی رێکخستنی ژوانێک بیگەڕێننەوە شاری سلێمانی و دەستبەجێ دەستگیری بکەن.
دەزگای ئاسایش رونیکردووەتەوە، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت تۆمەتبار زیاتر لە 250 کەسی لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە فریوداوە، باندەکە کەسانی خاوەن پێگە و سەرمایەدار و بەتەمەنی کردوەتە ئامانج و بڕی سەد بۆ سەد و پەنجا هەزار دۆلاری لە رێگەی هەڕەشەکردن و بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆکان وەرگرتووە.
دەزگای ئاسایشى هەرێمى کوردستان ئاماژەى بەوەشکردووە، ئێستا تۆمەتبار بەماددەی دوو لەیاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن راگیراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکەی بەردەوامە.
17/07/2024