هێزی ئاسمانیی عێراق چەند حەشارگەیەکی داعش لە حەمرین بۆردوومان دەکات

کەناڵ8 19/07/2024

فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند، لە ئۆپراسیۆنێکی هێزی ئاسمانی عێراقدا ژمارەیەک حەشارگەی چەکدارانی داعش لە گردەکانی حەمرین بە ئامانجگیران.

فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ـی تەمموزی 2024، لە کاتژمێر 05:00 هێزی ئاسمانی عێراق لە رێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە ژمارەیەک حەشارگەی چەکدارانی داعشی لە حەمرین بۆردومانکرد.

لە راگەیەندراوەکە ئاماژە بەوەشکراوە، ئۆپراسیۆنەکەی هێزی ئاسمانی عێراق لە سنوریی جیاکەرەوەی نێوان فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی کەرکوک و سەڵاحەدین ئەنجامدراوە و زیانێکی وێرانکەر بە چەکدارەکانی داعش گەیەندراوە.

ئەوەشخراوەتەڕو، ئەم ئۆپراسیۆنە لە دوای بەدواداچوون و هەوڵی هەواڵگری نێوان دەزگای دژەتیرۆری عێراق و شانەی بە ئامانجگرتنی سەر بە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان رێکخراوە.

رۆژی 15ـی تەمموزی 2024، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق و دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، بە هاوکاری هێزی ئاسمانی عێراق ئۆپراسیۆنێکیان لە دژی چەکدارانی داعش لە چیاکانی پەلکانە ئەنجامدا.

کەناڵ8

19/07/2024