لە عێراق 85 پێگەى گۆڕی بەکۆمەڵ هەڵدەدرێنەوە
دەزگای شەهیدانی عێراق، لە پلانی ساڵانەیدایە 85 پێگەی گۆڕی بەکۆمەڵ هەڵبداتەوە کە قوربانیانی دەستی رژێمی پێشوو و داعشن.
عەبدولئیلا نائیلی، سەرۆکی دامەزراوەکە بە رۆژنامەی "سەباح"ـى راگەیاندووە، دامەزراوەکە توانیویەتی 289 ناوچەى گۆڕی بەکۆمەڵ لە سەرانسەری عێراقدا دەستنیشانبکات، کە سەرجەمیان مێژوویان دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی رژێمی بەعس و رێکخراوی داعش.
ئاماژەی بەوەشکرد، 85 ناوچە خراونەتە لیستی گۆڕە بەکۆمەڵەکانەوە و لە پلانی ئەمساڵیاندایە سەرجەمیان هەڵبدرێنەوە، لە هەریەک لەو 85 پێگەدا ئەگەرى هەیە لەنێوان 15 بۆ 20 گۆڕی بەکۆمەڵ هەبن.
راشیگەیاند، بەگوێرەی توانا لۆجستییەکانی دەزگاکەیان، هەڵدانەوەی ئەو گۆڕانە کاتێکی زۆر و بارودۆخی کەشوهەوای گونجاوی پێویستە.
دەشڵێت، بەهۆی زۆری ژمارەی قوربانیەکانەوە، بەهەمانشێوە دەستنیشانکردنی ناسنامەی قوربانییەکان لە پزیشکی دادوەری پێویستی بەکاتە.
28/07/2024