بۆچی هەوای سلێمانی لە هەولێر پاکترە؟
گۆڕانی کەشوهەوا، پیسبوونی ژینگە، بەتایبەتیش پیسبوونی ئاو و هەوا، ئێستا لە جیهاندا باسێکی گەرمی پسپۆڕانی ژینگە و تەندروستی، سیاسییەکان و تەنانەت بازرگانەکانیشە. هۆکاری گرنگیی ئەم باسە دەگەڕێتەوە بۆ کاریگەرییەکانی پیسبوونی ژینگە لەسەر هەموو لایەنەکانی ژیان.
ئیبراهیم ئەحمەد، هاونیشتمانییەکی بەساڵاچووی دانیشتووی سلێمانییە و باس لەوە دەکات کە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا بەئاسانی هەستیان پێدەکرێت، بەجۆرێک "جاران هاوینیش فێنک بوو، بەڵام ئێستا تەنانەت بەهارەکەشی گەرمبووە"

پەیامنێری کەناڵ8، رۆز سەڵاح، بەدواداچوونی بۆ پرسی پیسبوونی هەوای شارەکانی کوردستان کردووە و بۆی دەرکەوتووە کە ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی 2.4 ملیۆن ئۆتۆمبێل هەن، کە بە کۆی گشتی رۆژانە نزیکەی حەوت ملیۆن لیتر سووتەمەنی دەسووتێنن. جگەلەمەش، چەندین کارگە و پاڵاوگەی نایاسایی لە شارەکانی کوردستاندا دەبینرێن کە پەیڕەویی ستانداردە ژینگەییە نێودەوڵەتییەکان ناکەن.
سەبارەت بە گرنگیپێدانی حکومەت بە پرسی ژینگە، رۆز سەڵاح لەگەڵ مەعرووف مەجید، سەرۆکی رێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە گفتوگۆیەکی کردووە.
"بەر لە 2014، بڕێکی کەمی بودجە بۆ پرسی ژینگە تەرخاندەکرێت. بەڵام ئێستا ئەو بڕەش تەرخانناکرێت"
مەعرووف مەجید، سەرۆکی رێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە
جیاوازی لەنێوان شارەکانی کوردستاندا هەیە لەڕووی پیسیی هەواوە؟
د. ساڵح نەجیب، پسپۆڕی ژینگەیە و مامۆستایە لە زانکۆی سلێمانی، دەڵێت: بەدواداچوونمان بۆ هەوای شارەکانی کوردستان کردووە، دەرکەوتووە هەوای لە سلێمانی بەراورد بە هەوای هەولێر، پاکترە"
هۆکارەکانی جیاوازیی هەوای هەولێر و سلێمانی چین؟
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی کەناڵ8، لەڕووی پیشەسازییەوە جیاوازی لەنێوان هەولێر و سلێمانیدا هەیە. بۆنموونە بەگوێرەی ئامارەکانی ساڵی 2021، لە هەولێر نزیکەی 1200 کارگە و لە سلێمانی 829 کارگە هەن. جیاوازیی ژمارەی کارگەکان لەنێوان ئەم دوو شارەدا دەکرێت یەکێک بێت لە هۆکارەکانی پیستربوونی هەوای هەولێر بەراورد بە سلێمانی.
یەکێکی دیکە لە جیاوازییەکانی دوو شارەکە، ژمارەی ئۆتۆمبێلە. بەگوێرەی ئامارەکانی ساڵی 2021، لە هەولێری پایتەخت نزیکەی 960 هەزار ئۆتۆمبێل و لە سلێمانیش 600 هەزار ئۆتۆمبێل هەن.
کاتێک بەراوردی هەوای نێوان دوو شارەکە دەکرێت، بەو واتایە نایەت کە یەکێکیان بەتەواوی پاکە. بەڵکو وەکو لە وێنەکانی خوارەوەدا دەردەکەوێت، هەوای سلێمانیش بەگوێرەی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان پیسە و کاردەکاتە سەر تەندروستیی مرۆڤ.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی لە ساڵی 2023ـدا بڵاوکراونەتەوە، سەرەڕای ئەوەی هەوای سلێمانی پاکترە لە هەولێر، بەڵام رێژەی سەوزایی لە شارەکە کە %12ـە، کەمترە بەراورد بە رێژەی سەوزایی لە هەولێر کە دەگاتە %19.5. ئەمە لە کاتێکدایە کە بەگوێرەی ستانداردە جیهانییەکان، دەبێت رێژەی سەوزایی لە هەر شارێکدا بگاتە %30ـە.




مەترسییەکانی ژیان لە هەوای پیسدا چین؟
پیسبوونی هەوا چەندین کاریگەریی نەرێنی لەسەر تەندروستیی جەستەیی، دەروونی و هزری هەیە. توێژینەوەکان دەریانخستووە ئەوانەی لەو شارانەدا دەژین کە هەواکەیان پیسە، ئەگەری تووشبوونیان بەم نەخۆشییانەی خوارەوە زیاترە:
- رەبۆ
- هەوکردنی درێژخایەنی بۆرییەکانی هەوا
- شێرپەنجەی سییەکان
- هەوکردنی سییەکان
- نەخۆشییەکانی دڵ
- جەڵتەی مێشک
- دواکەوتنی گەشەی هزری
- کێشەکانی پێست: ئیکزیما و هەستەوەری
- بەشێک لە نەخۆشییە دەروونییەکان
ساڵانە لە سەرانسەری جیهاندا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی بەهۆی پیسبوونی هەواوە گیانلەدەستدەدەن
لە هەر 10 کەسێک لە جیهاندا، نۆیان هەوای پیس هەڵدەمژن، هەروەها ساڵانە نزیکەی 8.1 ملیۆن کەس بەهۆی پیسبوونی هەواوە گیانلەدەستدەدەن.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی
08/09/2024