کوردێکی سوننە بە پارێزگارى سنە دیاریکرا
ئارش لهۆنى، نوێنەرى پارێزگاى کرماشان لە پەرلەمانى ئێران کە کوردێکی سوننەیە، لەلایەن مەسعود پزیشکیانەوە وەکو پارێزگاری نوێی سنە دیاریکرا.
فاتیمە موهاجەرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران، ئەمڕۆ چوارشەممە 18ـی ئەیلولی 2024 رایگەیاند، بەگوێرەی نوسراوی سەرۆککۆمار و بڕیاری حکومەتی نوێ، ئارش لهۆنیان بۆ پۆستی پارێزگاری سنە دەستنیشانکردووە.
موهاجەرانی، گوتى "دەستنیشانکردنی لهۆنی وەکو پارێزگارێکی گەنج لەسەر بنەمای کارامەیی، توانا و شارەزایی ئەو گەنجە بووە".
ئارش لهۆنی، لە ساڵی 1975 لە شاری پاوە لە دایکبووە، قایمقامی پێشووی شاری پاوە و لە پەرلەمانی ئێرانیش نوێنەری بازنەکانی پاوە، جوانڕۆ و هەورامان و سەلاسی باوەجانی بووە.
لە پاش دەستبەکاربوونی کابینەی نوێ بە سەرۆکایەتی مەسعود پزیشکیان، سنە دەبێتە یەکەم پارێزگای رۆژهەڵاتى کوردستان کە پارێزگارەکەى گۆڕدرابێت، تاوەکو ئێستاش بەرپرسی چەند دامودەزگایەکى پارێزگای کرماشان گۆڕدراون.
ئارش لهۆنی لە ساڵی 1975 لە شاری پاوە لە دایکبووە و بڕوانامە دکتۆرای لە بواری ئابووریی هەیە و پێشتر بەرپرس و بەڕێوەبەری گشتیی بودجەی مانگی سووری کرماشان بووە.
18/09/2024