عێراق سیستمى بەرگریی ئاسمانیى لە کۆریا باشوور دەکڕێت

سیستمى بەرگریى 'چیۆنگونگ'ـی كۆریای باشوور
سیستمى بەرگریى 'چیۆنگونگ'ـی كۆریای باشوور

کۆمپانیایەکى کۆریاى باشوور، گرێبەستێکى بە بەهاى دوو ملیار و 780 ملیۆن دۆلار لەگەڵ وەزارەتى بەرگریی عێراق بۆ دابینکردنى سیستمى بەرگرى ئاسمانى واژۆکرد.

ئاژانسى هەواڵى کۆریاى باشوور 'یونهاب' بڵاویکردەوە، کۆمپانیاى 'ئێڵ ئای جى، نێکس وەن'بۆ دروستکردنى سیستمى بەرگریی پێشکەوتوو، گرێبەستێکى بە بەهاى دوو ملیار و 780 ملیۆن دۆلار بردووەتەوە و  سیستمى بەرگریى ئاسمانى و مووشەکى زەوى بە ئاسمانى مامناوەند لە جۆرى 'چیۆنگونگ - 2' بۆ عێراق دابیندەکات.

گرێبەستەکە رۆژى پێنج شەممە، لەنێوان وەزارەتى بەرگریى عێراق و کۆمپانیاکە واژۆکراوە و عێراق لە دواى ئیمارات و سعودیە سێیەم وڵاتى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستە دەبێتە خاوەنى سیستمى بەرگریی ئاسمانى و مووشەکى بالیستى.

سیستمى بەرگریى 'چیۆنگونگ' پێکهاتووە لە چوار سەکۆى هەڵدانى مووشەک و رادارێکى فرە ئەرک و سەنتەرێکى سەرپەرشتى و کۆنترۆڵکردن.

سیستمەکە بەشێکى ستراتیجییە لە بەرگریی ئاسمانیى کۆریاى باشوور و بۆ بەرپەرچدانەوەى فڕۆکە و مووشەکەکانى کۆریا باکوور دروستکراوە.