بن سەلمان لەبارەی چەكی ئەتۆمی ئێرانەوە هۆشداری دەدات
محەمەد بن سەلمان، کە ئێستا دیارترین کەسایەتیی سعودیەیە، لەچاوپێکەوتنێکی یەک کاتژمیریدا بەبڕوا بەخۆبوونەوە، قسەى لەسەر چەند پرسێکى "گرنگ و هەستیار "کرد، ئەو دەڵێت؛ لەگەڵ ئیسرائیل ئاشتدەبینەوە و ئەگەر تاران بیەوێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی خۆی، ئێمەش هەمان هەنگاو دەنێین".
شازادەی سعودیە لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی بەبێ دوودڵی وەڵامی زۆرێک لەو پرسیارانەی دایەوە جیهان مەراقی بوو لەبارەی هەریەک لەدۆسییەکانی ئێران و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل و هەماهەنگییان لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، لەزارى ئەوەوە بیانبیستێت.
یەکێک لەپەیامە راشکاوەکانى محەمەد بن سەلمان لەبارەى چەکی ئەتۆمى ئێرانەوە بوو.
لەبارەی ئەگەری خاوەندارێتیی ئەتۆمەوە لەلایەن ئێرانەوە، بن سەلمان گوتی :"ئێمە نیگەرانین لەهەر وڵاتێک چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت، چونکە ئەوە جوڵەیەکی خراپە و هەرچەند چەکی ئەتۆمیش بەدەستبهێنیت، ناتوانیت بەکاریبهێنیت، چونکە هەر وڵاتێک چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت مانای ئەوەیە لەشەڕدایە لەگەڵ تەواوی وڵاتان".
بن سەلمان دەڵێت "جیهان بەرگەی هێرۆشیمایەکی دیکە ناگرێت بەهۆی چەکی ئەتۆمەوە، بەڵام ئەگەر ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت، ئێمەش بەدەستیدەهێنین لەپێناو بەرژەوەندی و سەقامگیری ناوچەکە و باڵانسی هێز لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا".
جێنشینی سعودیە، پاساوى بۆ ئەم لێدوانەی ئەوەبوو، گوایە دەیەوێت ئاسایش و سەقامگیرى لەرۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەدیبهێنێت.
لەسەردەمى محەمەد بن سەلماندا، سعودیە چەندین گۆڕانکاریى لەسیاسەتەکانى دەرەوەیدا کردووە، دەرگاى پەیوەندى لەگەڵ چەند نەیارێکیدا کردەوە.
لەبارەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران، بن سەلمان گوتی :"عێراقییەکان لە 2020دا رۆڵیان هەبوو لەدەستپێکردنەوەی دانوستانەکانمان لەگەڵ ئێران و دواتر چین هات و دۆخەکەی گرتەدەست و سەرەتایەکی باشمان دەستپێکرد و باشترین هەوڵی خۆمان دەدەین و چاودێری ئێرانیش دەکەین کە تاچەند وەک ئێمە بەپەرۆشن".
سعودیە و ئێران لە 10ی ئازاری 2023 لە پەکین رێککەوتن لەسەر دەستپێکردنەوەی پەیوەندی دیبلۆماسیی نێوانیان و کردنەوەی باڵیۆزخانەکانیان لەوڵاتانی یەکدی، ئەوەش لەدوای ئەوەی لەساڵی 2016ەوە پەیوەندییەکانیان پچڕابوو.
ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی سعودیە لەگەڵ رکابەرە چەند ساڵەکانی تەنیا ئێران نییە، بەڵکو لەگەڵ ئیسرائیلیشدایە و بن سەلمان، لەسەر ئەمە گوتی؛ دەنگۆکانی وەستانى دانوستانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل بەردەوامن" و رەتیکردەوە راوستابن.
بۆ ئەم بابەتە جێنشینی سعودیە رایگەیاند :"لەگەڵ ئیدارەی بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەدانوستانداین بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل و بەرەوپێشچوونی باش هەیە لەو ڕووەوە".
دەشڵێت "رۆژ بەرۆژ ئەم پرۆسەیە بەرەوپێشدەچێت، هیوادارین ئەمە بگاتە قۆناغێک ژیانی فەڵەستینییەکان ئاسانبکات لەپێناو خەڵکەکەی، چونکە ئەوان دۆسێیەکی گرنگن و دەمانەوێت چارەی بکەین و وەک یاریزانێکی ناوچەکە بگەڕێنەوە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".
لەسەر بڕی هەناردەی نەوت لەئۆپیک پڵەسدا، جێنشینی سعودیە ئەوەی خستەڕوو، ئەوان تەنیا چاودێریی خواست و دابینکردن دەکەن.
ئەگەر کەمیی دابینکردن هەبێت، رۆڵی ئەوان پڕکردنەوەی ئەم کەمییەیە، ئەگەر زیادەڕۆیی لەدابینکردندا هەبێت، ئەوا کۆنتڕۆڵی دەکەن لەپێناو سەقامگیرکردنی بازاڕدا.
21/09/2023