بەریتانیا رێوشوێنی نوێ دژ بە کۆچبەری نایاسایی دەگرێتەبەر
بەریتانیا رێککەوتنی نوێ لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوای بەڵکان واژۆ دەکات، بە مەبەستی رووبەڕووبوونەوەی باندەکانی قاچاخچێتی بە مرۆڤەوە و دەڵێت ئەم هەوڵانەی بۆ ئەوە چڕ کردووەتەوە رێگریی بکات لە هاتنی شەپۆلی کۆچبەران بۆ وڵاتەکەی.
حکومەتی بەریتانیا رایگەیاند، ئەم گرێبەستانە گۆڕینەوەی زانیاریی هەواڵگری و هاوکاری لەگەڵ هەریەک لە وڵاتانی "سڕبیا، مەسەدۆنیای باکوور و کۆسۆڤۆ" دەگرێتەوە، بە مەبەستی دەستگیرکردن و رێگریکردن لە باندەکانی قاچاخچێتی بە مرۆڤەوە و بنبڕکردنی دیاردەکە لە سەرچاوەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی حکومەتی بەریتانیا، ئەو ناوچانەی بەڵکان رێڕەوێکی سەرەکیی قاچاخچییەکانن بۆ چوونە ناو بەریتانیا و یەکێتیی ئەوروپاوە بەشێوەیەکی نایاسایی.
لەماوەی ساڵی پاردا، نزیکەی 100 هەزار کۆچبەر بە رۆژئاوای بەڵکاندا بەرەو بەریتانیا و یەکێتیی ئەوروپا پەڕیونەتەوە.
بڕیارە کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، لە کۆبوونەوەی سەرۆکەکانی ئەوروپادا، رۆژی پێنجشەممە لە بوداپێستی پایتەختی هەنگاریا، پلانەکان رابگەیەنێت.
بە گوێرەی داتاکانی حکومەتی بەریتانیا، تەنیا لەمساڵدا زیاتر لە 31 هەزار کەس لە رێگەی بەلەمە قاچاخەکانەوە پەڕیونەتەوە بۆ وڵاتەکەیان، بەریتانیا رێککەوتنی لەگەڵ وڵاتانی ئەلبانیا و تورکیادا ئەنجامداوە، بۆ گۆڕینەوەی زانیاری هەواڵگری و پەکخستنی باندەکانی قاچاخچێتی بە مرۆڤەوە.
07/11/2024