ئەندامانی فڕاکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایانگەیاند، ڕەزامەندیی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانیان بۆ ناردنی نەوتی سپی بۆ هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان بەدەستهێناوە.
هەر خێزانێک 200 لیتر نەوتی سپی لەلایەن عێراقەوە پێدەدرێت.
سروە محەممەد، ئەندامی فڕاکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران، دەڵێت، بۆ هەرخێزانێک لە ناوچە شاخاوییەکان 200 لیتر نەوتی پێدەدرێت بە نرخی پاڵپشتیکراو و 200 لیتریش دەدرێت بە خێزانەکانی ناوشار و شوێنەکانی دیکە.
بە گوێرەى داتاکانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ، هەرێمی کوردستان پێویستی بە 250 ملیۆن لیتر نەوتە.
110 ملیۆن لیتر بۆ سلێمانی و هەڵەبجە.
140 ملیۆن لیتریش بۆ هەولێر و دهۆک.
لە ساڵانی ڕابردوودا، دابینکردنی نەوتی سپی بۆ هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان لە وەرزەکانی سەرمادا یەکێک لە ئاڵنگارییە بەردەوامەکان بووە، کە بەهۆی ناکۆکییە دارایی و سیاسییەکانی نێوان حکومەتی فیدڕاڵی و حکومەتی هەرێمەوە زیاتر قووڵ بووەتەوە.
ماوەی چەند ساڵێکە بەشێک لە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان هیچ بڕە نەوتێکیان لەلایەن حکومەتەوە پێنەدراوە و ناچاربوون بە بازاڕی ڕەشدا بیکڕن کە لە هەندێک کاتدا نرخی یەک بەرمیل زیاتر لە 300 هەزار دیناربووە و ئەوەش بە بەردەوامی جێگەی ناڕازایی خەڵکبووە.