ئاژانسی تاسی رووسی: بەشار ئەسەد گەیشتووەتە مۆسکۆ

بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری پێشووی سووریا، فۆتۆ: AP
بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری پێشووی سووریا، فۆتۆ: AP

ئاژانسی تاسی رووسی، لە زارى سەرچاوەیەکی کۆشکی کرێملنەوە بڵاویکردووەتەوە، بەشار ئەسەد و خێزانەکەی، گەیشتوونەتە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا.

ئەو سەرچاوەیە راشیگەیاندووە "رووسیا بەهۆکارى مرۆیی، مافی پەنابەرێتی بە بەشار ئەسەد و ئەندامانی خێزانەکەی داوە".

ئەم گوتانەی سەرچاوەکەی کرێملن لەکاتێکدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەستەی تەحریری شام و گرووپەکانی هاوپەیمانیی گەیتشنە شارى دیمەشق و رووخانی رژێمەکەی ئەسەدیان راگەیاند.

رۆژی 27ـی تشرینی دووەم، دەستەی تەحریری شام هێرشێکی کتوپڕی بۆسەر هێزەکانی سوپای سووریا لە سنووری حەلەب دەستپێکرد و لەماوەیەکی کەمدا کۆتاییان بە دەسەڵاتی 53 بنەماڵەی ئەسەد لە سووریا هێنا.